❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / هێمن موکریانی

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2011-03-18 22:28:42

کاکۆ
ئه‌ندامی چالاک
شوێن: سلێمانی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2010-08-17
دواترین سه‌ردان: 2014-01-16
په‌یامه‌كان: 608
WindowsFirefox

هێمن موکریانی

محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو. ھێمن بەھاری ١٩٢١ لە دایک بوو و ١٤ی ئەپریلی ١٩٨٦ لە ورمێ کۆچی دوایی کرد.
ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جێژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک(گۆج) دەکرێ و دوای بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.
ھێمن لە رۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە رەزا خان جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئاتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکوو خوێن لە مێشک ودەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.
http://www.kurdzhin.info/up/uploads/kurdzhin_13004871801.jpg
لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو‌ بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف‌وبێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف‌وبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی کە جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەکوت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و تەمرینی نووسینی خەت دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمن کە ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھان کە ٨-٩ نەفەر دەبن، جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و رێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.
ھەژار لە پێشەکی دیوانی سەیفولقوزاتدا، بەم جۆرە باسی خۆی و ھێمن دەکا :
ھێمن و من دوو منداڵی کرچ وکاڵی لەڕ و قرخن، بە تەمەن دە دوازدە ساڵ بووین، لە خانەقا گەیبووینە یەک، نا خێری گیانمان دەرس بخوێنین، خویندنی چی؟ دوو گێل و حۆلی پەڕ بڵاو، لە یەک دەمدا لە لای دوو مامۆستا دامەزراین، یەکی ریش پان، لە عەڕەبی شارەزایە و خەتی نییە، ئەوی دی گەردەڵ، فارسی زانە و خەتی خۆشە. جا وەرە شەق و دار بخۆ، خۆ جنێو ھەر باسی ناکرێ، سوێندی کەسم لە سەر نییە، ئەگەر بڵێم تڵپاتی تەڕیش فێر نەبووین، نیسکێک درۆی تێدا نییە، ماڵم ھەقە لە ترێ دزینی ناو رەزی، لە پللار دەداران گرتن، لە راوی دووپشک و ئەسپێ و کێچ و جوجە و قوڕ شێلان و ھێلکە لە ھێلانە دەرھێنان، ھیچ کەس تۆزی نەدەشکاندین. بۆ نەگبەتی ھێمن وە شێعر ھاتبوو، ھەروا گارە گارەی دەھات، جار و بارە شێعرێکی نیوە و کۆڵەی خواری لاپانی دادەنا، بە فیزەوە نیشانی دەدام. یانی ھا بم ناسە، من چیم، منی کڵۆڵ نەمدەتوانی مێعریش بکەم.
http://www.kurdzhin.info/up/uploads/kurdzhin_13004871802.gif
بەو جۆرە شێعر کوتنی ھێمن لە خانەقاوە سەری ھەڵداوە و پێگەیشتووە. لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە کە پیاوێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو دەبێ ،ماوەیەک دەرس دەخوێنێ و بە گەورەترین مامۆستای، مامۆستا ھێمن حیساب دەکرێ. تەمەنی ھیمن دەچێتە سەر و بۆ ئەوەڵین و دوایین جار لە گوندی کولیجە عاشق دەبێ، عیشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی، بەڵام ئەم عاشق‌بوونە زۆر ناخایەنێ و لێک جیا دەبنەوە و ھەر لەو گوندە فێری سواری و تەقڵە و راوە کەو و کەروێشک دەبێ. ساڵی ١٣١٧ی کۆچیی ھەتاوی کە تەمەنی ١٧ ساڵانە دەبێ، مامۆستاکەی گوندی کولیجە بە جێ دێڵێ و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی خۆیان واتە شیلاناوێ کە ماڵیان چبووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی ھەڵدەکێشێ و بە ڕۆژ خەریکی کاری کشت و کاڵی دەبێ و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شێعردانان، باوکی پێی دەزانێ و دەفتەری شێعرەکانی دەسووتێنێ.
دیارە ھێمن مردووە و لە نێومان دا نەماوە، بەڵام ئاسەوارەکانی و یادگارەکەی کاتی پیری ھەر ماون و بە دیتنی ئەوان ھیچ کاتێک ھێمنیش لە بیر ناچێتەوە.ھێمن شاعێرو زانای فەرھەنگ دۆست و تێکۆشەری رێگای بووژاندنەوەی کورد و فەرھەنگەکەی بوو، خاوەن بیر و تێفکرین و بیر کردنەوە بوو. ھێمن دەنگی بەرزی ئازادی، ئاشتی و دێموکراسی خوازی کورد بوو. خوازیاری یەکیەتی گەلان بوو. کوردایەتی ھێمن، مرۆڤایەتی بوو. شاعێری جوان پەرەست، شاعێری بابردەڵە، کە بێبەش لە ئاو وخاک و وڵاتی خۆی، پەڕیوەی سنوور و موبتەلای دەستی ڕۆژگار، پیری ھەناسە سوار، دەرکراوی بە زۆر دابڕاوی یار و ئازیزانی، بولبولی بێبەش لە گوڵزار و چەمەن، بێ ئەنیس و ھاودەم، عاشقی دڵ پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی وڵاتەکەی، ھەنگاو بە ھەنگاو خەم بە دوای مامۆستای ئازیزەوە بوو، وەکوو سێبەری خۆی رۆژێک لێی جیا نەبۆتەوە و رۆژی شادی ڕووی لە دڵە خەمبارەکەی نەکرد، ئەو مرۆڤە بێ نازە خۆ لە ئاسن و پۆڵا دروست نەکراوە، بەڵکوو لە خوێن و گۆشتە، بۆیە پڕ بە دڵی خۆی ئەناڵێنێ و بە ئاوازێکی بە سۆزەوە ئەڵێت :
پارچە گۆشتێکە، دڵی من روو نییە ناڵە ناڵی من درەنگە زوو نییە
لە شێعرێکی دیکەدا دەڵێ :
شینم زۆر گێڕاوە، شادیم کەم دیوە ئەڵێن ھەیە، بەلام نەمدیوە‌
شاعێر، شینی یەکجار زۆر دیوە، بەڵام شادی و کامەرانی بە دەگمەنیش نەدیوە و ئەزانێ شادی ھەیە، زۆر کەس لە گەڵیا راز و نیاز دەکەن، بەڵام ھێمنی خەمبار ھەر نەیدیوە، لە لای ھەر وەکوو نامۆیەکە، وەکوو دوژمنێکە، بۆ ماوەیەکی کەمیش روو لەو ناکات. مامۆستای بەڕێزمان شێعرە تەڕ وناسکە جوانەکانی، زۆربەی زۆری بە خەم زاخاوە، خەم کاری زۆری تێکردووە، بۆیە بە ھیچ جۆرێ ناتوانێ خۆی لە شەپۆل لابدات. ھێمن شاعێری گەل ، شاعێری عیشق و ئازادی، دڵە گەورەکەی ھەتا ئەو رۆژەی لە لێدان کەوت، بۆ گەلەکەی و ئازادی نیشتمان لێی دا.
بە فەرموودەی خۆی :
ھەتاکوو دوا پشوو رێبواری رێگەی ئێشق و ئازادیم ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم، بەرھەمێکی تر
ھێمن کە یەکێک بوو لە گەورەترین شاعێران و نووسەرانی کورد لە سەدەی بیستەمدا، لە باری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرھەنگ و ئەدەب، گەو‌رەترین ھەقی خستۆتە سەر نەتەوەکەی، چونکە لە تاریک وروونی بەیانی ژیانی‌دا، بۆ خڕ کردنەوەی کۆماکانی ئەدەبی کوردەواری و ورد بوونەوە لە وشەکانی، بە کەو کردن و ھەڵاواردنی غەوارەکانی و سوورکردنی خرمانی زمانی کوردی، کەوتە کار و تەنانەت گوڵ ھەڵگرتنەوە و پاشەرۆکیشی بۆ خەڵکی دیکە نەھێشتەوە.
ئاسەوارەکانی مامۆستا ھێمن بریتین لە :
1- تاریک و روون (شێعر و پەخشان) ١٩٧٤
2-  پاشەرۆک(شێعر و پەخشان)
3- توحفەی موزەففەرییە(فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی)
4-شازادە و گەدا
5-قەڵای دمدم 
6-ھەواری خاڵی
7- چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز
8- ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی)
9- ناڵەی جودایی ، شیعر ١٩٧٩
10- پاشەروکی مامۆستا ھێمن ، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣
بە ئاوا‌رەیی و دەربەدەری توانی کتێبی ناڵەی جودایی بنووسێ، ئەگەر بە جوانی لێی ورد بینەوە، دەبینین کە ناڵە و ھاوار و فیغانی دڵە، ناسۆرییە، خول دانەوە و نزا و ھاوار و ئازاری ناخ و ماندوویەتی ھزر و نائارامی رۆح و بێ تاقەتی جەستەیە بەرامبەر جودایی،جودایی لە خێزان، لە خانوو، ماڵ و گوند و گەڕەک، شاخ ودەشت و دراوسێ و کەس و کار و یادگارەکانی سەردەمی منداڵی و لانەی گەورەبوون و گەلێ شتی بە نرخی دیکە کە لە یاد ناکرێن ولە دەروون دوور ناکەونەوە.
ھێمن لەو کەسانە بوو کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر و شۆڕش‌دا بەخت کرد و وەک مۆم سووتا و رێگای پاشەرۆژی بۆ رووناک کردین. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی رەنگینی کوردستان، مۆمی ژیانی ھێمن دوایین فرمێسکی ھەڵوەراند و لە٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی کۆچی ھەتاوی بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێ‌کردین و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداق‌سوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.


ئاماده‌کردنی:کاکۆ-کورد
تایبه‌ت به‌ کوردژین

دواترین جار ده‌ستكاری كراوه‌ له‌لایه‌ن کاکۆ-کورد (2011-03-18 22:31:11)

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net