.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه














شەوەكانی منو خەونەكانی باوكم/
كچە نازدارەكەم.. سۆزی خەونەكانی بابە گیان كچە نازدارەكەم: ئەی سۆراغی هەموو ماندوییەتییەكەم.. چی دەست دەهێنم بە نێو چەوانمدا عەرەقی ئەو ڕۆژەم دەسڕمەوە.. تۆم بیردێتەوە.. كە خەونمیت.. كە تەواو گوزەرانی گشت ئاواتمیت.. وەرە كیژۆڵە جوانەكەم.. ماندوێتیم بڕهوێنەوە.. تێر تێر لە ئامێزت بگرم، ژیان هەروا سانا نییە كە تۆ لە چواردەورت دەیبینیت.. باوكە دڵسۆزەكەت جارجارە ترسی هەیە... لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیام لێت كیژۆڵە نازدارەكەم. ئەی خەونە جوانەكەم، ئێستا وا لە كارو كاسپی گەڕامەوە. وەرە باوەشم پێدابكەو.. هەرجار خۆم كۆدەكەمەوەو بە نیازی ماڵەوە چاو دەگێڕم بەو شتانەدا، دەگەڕێم كە تۆ حەزت لێیەتی.. دەزانم حەزت لە سێوی سوورە.. هاوشێوەی ڕوومەتە ئاڵەكانی تۆ.. جارجارەش ترێی ڕەش وەكو چاوە جوانەكانت... ڕەنگی جلەكانت دەناسمەوە.. حەز بەڕەنگی وەنەوشەیی دەكەیت.. ڕۆژگارت ڕەنگی ئاڵتر بێت. نازدارەكەی بابە: وەرە تۆزێك لە تەنیشتمەوە دانیشە.. باس و خواسی ئەمڕۆت چییە؟.. ئەمڕۆ لە قوتابخانە بابەگیان.. لەوانەی كوردیدا.. داڕشتنی (خۆشەویستی سەرچاوەی ڕێزەكانە.. خەونەكانی باوكم) هاتەوە.. لەوانەی دیندا.. خاتوو مهرییەمان خوێند.. لە وانەی عەرەبیدا.. گەیشتینە وشەی (الاب).. لەوانەی ئینگلیزیدا فێری نووسینی وشەی (father) بووین.. بابەگیان لە گەڕانەوەم.. هاوڕێكەتم بینی.. منی ناسییەوە.. سڵاوی لێكردی.. وتی: دەستەكانی بابەگیان ماچ دەكەم. نازدارەكەی بابە: ئەی ئاوەدانی نێو كاسەكەم.. دەزانی چەندم خۆش دەوێیت.. حەزدەكەم گوێم لە دەنگی بەرزو زوڵاڵو ڕەوشتی بێ وێنەت بێت.. نازدارەكەی بابەگیان.. كاتێ لەگەڵ هاوڕێكانمدا بە یەك دەگەین.. ئەوان دەزانن كە من كچۆڵەكەم چەند خۆش دەوێت.. بە نازێكی منەوە.. دەپرسن شازادەكەت چۆنە.. هەروەك جارانە؟ یان تەواو گەورە بووە؟ هەنگاو بە هەنگاو دەژمێرم.. بەرەو لای تۆ خەیاڵم دێت.. ئەمشەو نەنووستوویت.. ئاخۆ لە تاقیكردنەوەكاندا باش بوویت (نزات بۆدەكەم).. چاوەكانی بۆ خەونەكانم نوزەدەكات.. زۆر بە ئاگای لێم.. خەممە لە ڕۆیشتن.. خەممە لە هاتنەوەت.. جوانكیلەكەی بابە. نازدارەكەی بابە: ئێواران لەگەڵ سڵاوكردن.. خێرا بە دایكە میهرەبانەكەت دەڵێم كوا نازداری كچم.. هێندە سوپاسی خوا دەكەم كە گوێم لێیە.. بابە بابە گیان وامن لێرەم.. خەریكی ڕێكخستنی نانوخوانی ئێوارەم.. كچە جوانەكەم.. لە قوتابخانە.. لە ڕێگا.. كۆڵان.. شەقامەكان.. چۆن بوویت.. ئەی ترێو هەرمێو هەنار چۆنن.. ئەوانیش تاقیكردنەوەكان باش بوون.. هەست دەكەم.. تەواو گەورە بوویت.. زۆر ماندوو دەتبینم.. لە كۆششكردنت.. دەزانم حەزت لێیە.. ببی بە ئەندازیاری كشتوكاڵ.. لەجێی هەر دارێك... لە باخچەی هەرماڵێك.. لە گوڵی هەر نەمامێك.. ناوی تۆی پێیە.. ئەی كچۆڵەكەم.. بۆچی ئێستا وا ماتیت.. هەمیشە سەرت قاڵەو ژاكاویت.. كە دەمبینی دەترسیت.. وەرە چیت هەیە بۆم باسبكە... حەز دەكەم گوێم لە دەنگت بێت.. نەكەی كیژۆڵەكەم .. خەونەكانم بشێوێنیت.. لە پای هەموو ئەم ئەركو عارەق ڕشتنە.. بێ ڕەنجم بكەیت.. دوێنێ شەو تادرەنگ نەنوستووم.. بیرم دەكردەوە ئاخۆ بۆ وا ماندوو دیاریت دەمەوێ گومانەكەم ساغ بكەمەوەو تۆ هەر بە كچی خۆم دەردەچیتەوە.. هیچ شتێك نییە تۆ تووشی دڵە ڕاوكێ بكات.. جوانكیلەكەم.. گرێی هەموو پرسیارەكان لای منن.. تۆ لە ماڵدا گۆش كراویت.. فێری خۆشەویستی كراویت.. پارچەیەكی لە من.. كۆڵان شوێنی خۆشەویستی تۆ نییە كچە جوانەكەم ئاگاداربە... نەكەی هاوسۆزێك بەرامبەر بابە دابنێت.. تۆ هێشتا پەپولەیت تەنها گوڵت ناسیوە.. لە دڕكەكان نەگەیشتوویت.. لە نازو تەڵەكەی قاچاخییەكان.. نەڕۆشتوویت.. لە تیرو كەوانی.. ڕاوچییەكان بە ئاگانیت.. كیژۆڵەكەم: دەزانم هەموومان ماندوین.. وەرە نازت چییە؟ بە چاوان.. خۆراكت چییە؟ لە دڵان.. خەمت چییە؟ لە خەونەكان.. ڕێگات چۆنە؟ لە ئاسمانەكان... نزاكانمان بكەین بە یەك.. ڕێگاكان چەند دووربێ.. چەند سەخت بێ.. لای بابە گیان هەناسەیەك خۆشی بۆ تۆیە.. نازدارەكەی بابە.. خەونو خولیاكەی بابەگیان، كچە جوانەكەم.. چاك بزانە.. جەژنەكانو بۆنەكان.. نوقڵی هەموو ماڵەكان.. گەردن ئازایی هەموو كۆڵانەكان.. لە نێو گیرفانی چەپی تۆدا.. دەهێڵمەوە.. تەنها تۆ بە قوربانت بم.. من بە بۆنەی تۆوە.. كچە جوانەكەم.. بە هەشتم زیاتر مسۆگەرە.. نەكەی ئەو نیشتمانە.. ئەو بەهەشتەم لێ بگۆڕیت.. نازدارەكەی بابە گیان.. بولبولو ڕیحانە.. خەڵاتە بەخشراوەكەی بابە.. ئێوارە پیاسەیەكت بە مێژووی گەلێك ناگۆڕمەوە.. هەناسەیەكی ساردت بە ڕۆژە دەستكەوتەكانم ناگۆڕمەوە.. كچە جوانەكەم: خەونە بە دیهاتووەكەم.. دەمەوێ خودا تەمەنم بداتێو لە ڕۆژە خۆشەكانی تۆدا بگوزەرێم لە نێو ئاپۆڕای خۆشیو چەپڵەو پێكەنینی تۆدا.. منیش هەنگاوەكانم بسپێرم ئەو كات دڵنیام لە هەمووچرپەیەك.. سێبەرێك كە تۆ دروستی دەكەیت.. نازدارەكەی بابە گیان.. هەموو ئەم دەستە لەرزانەی.. كە دیارییەك بۆ كچە جوانەكەم دەهێنێت.. چەندجار دەكەوێتە خوارەوە لە دەستم.. هەموو ئەم پەكەوتییەم لە پێناو سەربەرزی تۆدا سەرف كردووە.. دەزانی كچە جوانەكەم.. كە تۆ بوویت.. من گەنجیم پێوە دیاربوو.. هێدی هێدی حەزم دەكرد گەورەبیت.. كەچی خۆم بیرچوو بووەوە.. لەگەڵ گەنجی تۆدا بە پیریو نەخۆشی خۆم بینییەوە. لەگەڵ گەورەبوونی تۆدا، لەگەڵ جوانی تۆدا كچەكەم سەیری ئاوێنەم كرد، ئێستاش گەنجیو جوانی تۆ دەبینم بیری پیریو دەست زبرو چاوكزیو خۆمم نییە. كچە جوانەكەم: هەركەس گوێی لەم حەسرەتە بێ.. وادەزانن دێوانە بووم بۆ كۆرپەیەك.. دەزانی بەیانیان پێش ئەوەی بە جێت بهێڵم.. دەزانم ئەمڕۆ چ وانەیەكت هەیە لە قوتابخانە.. لە نێو پەڕەكاندا بە چاوە كزەكانمەوە.. بە خوێندەوارییە كەمەكەمەوە.. وردە وردە پیت بە پیت ڕێكی دەخەمو وشەیەك لە وانەكەت دەدۆزمەوە... وانەكانت بۆ ئامادە دەكەم.. پاشان لە نێو پێخەفەكەتدا.. چاوەكانت ماچ دەكەمو كاری ئەو ڕۆژەت بۆدیاری دەكەمو لە هەموو هەنگاوەكانت دەتسپێرم بە خودای مەزن. كچە جوانەكەم: وادەڕۆم.. تكایە ئاگاداری خۆت بە.. زوو زوو هەواڵتم بدەرێ.. نیگاكانم خۆش بكە.. ڕێگاكانم كورت بكەرەوە.. دەستەكانم ماندوون چاوەڕێی پشووم لە تۆوە.. تاڵ بە تاڵی قژو ڕیشم سپی بووە چاوەڕێی ڕووی سپی تۆم.. خۆشم دەوێیت نازدارەكەی بابە گیان.. هەموو ڕۆژێك بە خۆشەویستی تۆوە لە ماڵ دەردەچم.. ناوت دێنم هەنگاوەكان خێراتر دەكەم.. تا پێم بگەیتەوە.. چاوەڕێتم.. كچە جوانەكەم..خەمی منت نەبێ.. ترسی منت نەبێ.. شەو دوو سێ جار دێمە ژوور سەرت.. تۆ لە نێو پێخەفی گەرم دایت.. ئاگات لە شەو نییە چۆن دەڕوا.. لەگەڵ داواكردنی هەموو پاروویەكی حەڵاڵدا.. دڵم بەوە خۆشە كە تۆش گۆش بكەم بە حەڵاڵی.. چاوی حەرام زادەكان نەترسێنێ.... كچە جوانەكەم.. هەموو چیرۆكەكانت بۆ دەگێڕمەوە.. هەموو فرمێسكەكانت بۆ دەسڕمەوە.. هەموو ژیانت دەكەمە پارچەیەك لە هیواو پێت دەبەخشم وزەو بوێریو ڕەنگەكانی ژیان.. كچە جوانەكەم: باوكت لە ڕێبواریو غەریبی ئێستات ناترسێ.. بەڵكو من دەمەوێت كچەكەم تۆ ئەو شاكارە بە توانایە بیت.. جێی هەموو ئاواتی من بیت.. دەستم بگریت.. تۆی گۆچانی پیریم.. پارووی هەژاریم.. ڕووناكی چاوم. ئەستێرەی ئاسمانم... نازدارەكەی بابەگیان.. ئەی شازادەكەم.. خۆشم دەوێیت.. نزاكانم هەر ئەوەندەن.. خودا غەریبم نەكات لێت.. خودایە ئەو هەر بە تەنها نییە.. چارۆكەكەی دڵی منیشی پێیە.. خودایە هەرچییەكە، بەندەی تۆیە.. دەستی بگرەو.. خاوەندارێتی هەر لە خۆت جوانە.. یارمەتی بدەو ڕێگاكانی بۆ سانا بكە.. خودایە بیكەیتە خۆشەویستی خۆت.. تا هەنگاوەكانی جوانترو بە هێزتر بێت.. ڕێگاكانی چوونە بەهەشتی پێ ببەخشە.. (بابە ڕازییە لە كچەكەی.. خودایە لێی ڕازی بیت).. كچە جوانەكەم ئەمە خۆشەویستییەكی بێ وێنەیە لە نێو كارە چاكەكانی دونیادا ناوی بابیشت هاتووە.. كچە جوانەكەم.. بیرت دەكەم.. خەمت دەخۆم.. حەزدەكەم هەمیشە ماڵم لە پاڵ ماڵتدا بێت.. هاوشێوەی پێشەواكەم .. كچەكەی كردە دراوسێی خۆی.. حەزدەكەم لە كاتی ماندویەتیمدا.. لە كڕنوشمدا بۆ خودای گەورە.. هاوشێوەی سەركردەكەم.. بە دەستە پڕ لە جوانو موحبەتەكەت.. دەستبهێنی بە شانی بابەگیانو گەردو تۆزی ناحەزانت بسڕیتەوە.. پەنجەكانت دەناسمەوە.. دەیگرم دەستەكانت.. كچە جوانەكەم.... دەمەوێت هاوشێوەی پێغەمبەر شوعەیب (درودی خوای لهسهربێت).. كچەكەم لە ڕاستی ڕێگاكان.. لە ژیری مامەڵەكان.. لە توانای بە هێزی ڕەوشتییەكان سەربەرزم بكەیت. حەزدەكەم هاوشێوەی پەیامبەرم (صلی الله علیە وسلم).. كچە جوانەكەم... نەوەكانت بێنە سەر پشتمو جێی یاریو حەوانەوەی ئەوانیش بم.. لە هەركوێ بیت.. كچە جوانەكەی بابە.. تەواوكەری ڕێگاكانی من.. كچەكەم.. تۆ سنورە پڕ لە گوڵو خونچەكانی ئاسمانی منیت. تۆ تەنها میوانێك نیت بڕۆیت، بەڵكو تۆ كۆڵەكەی دەستی نیشتمانێكی داهاتوویت. كچە جوانو خۆشەویستەكەم... هەریەكە لەم شەوانە خەمێكی كچۆڵەكەتە... ببورە بابە گیان: زۆر خۆشم دەوێیت، حەزم دەكرد پێش ئەوەی هەواڵم ببیستن هەواڵم لای تۆبوایە... ئێواران پێش خوان سڵاوت بكردایە... چاوەڕێی ئێمە لەسەر خوان جوانترو ناوازهتر بكردایە. ببورە بابە گیان.. حەزم دەكرد پێش دانانی ئەركو ماندوویی ئەو ڕۆژە لە چەند عەلاگەیەكدا.. بزەیەك لە لێوت بوایە، ئێواران چاوەڕێی سۆنگەی ژوانی تۆم بكردایە... شەوان پێش ئەوەی هەواڵی تی.ڤی یەكانت تەماشا بكردایە... هەواڵو سۆراغی كیژۆڵەكەت لابوایە.. لە بری هەموو میوەو چەرەساتێك، گوێم لە گشت وتوێژەكانی تۆ بووایە. حەزم دەكرد لە بری توانجەكانتو شكاندنی نێو خواستو ئارەزووەكانمان ناوی جوانت ئاڕاستە بكردینایە. وەك نوێژ دەكەیت جارجارە.. هاوشێوەی پێشەواكەم لە نێو ئاپۆڕای دانیشتنی هاوڕێیانت ناوچەوانی كیژۆڵەكەت ماچ بكردایە. ببورە بابەگیان حەزم دەكرد پێش ئەوەی خۆت بخەیتە ژێر بالیفەكەتەوە... چاوێكی سۆزت لە كچۆڵەكەت بووایە. حەزم دەكرد بە بۆنەی تۆوە لە هەموو هاوڕەگەزەكانت بگەیشتمایە.. هێندە خۆشەویستیت بەتین بووایە لە گەڵ دایكم.. منیش لە تۆوە ئاشنایی فێربوومایە.. بۆ هاوڕەگەزەكانت... براكەشم هاووێنەی تۆیە.. هاوسەر.. هاوڕێ.. مامۆستا.. ببورە بابەگیان حەزم دەكرد لە بری ترس... ڕێزم بگرتیتایەو... لە بری شەرم... خۆشم بویستیتایە. ببورە بابەگیان: كە تۆ خاوەنی باوكداری تەنها بایهلۆجی و كۆمەڵایەتین... حەزم دەكرد هاوشێوەی كچەكانی پێشەوا شوعەیب.. لە هەنگاوەكانی من بگەیشتیتایە... لە سنورەكان فریای من بكەوتیتایە.... لە ترسەكان منت بوێر بكردایە.. تەنانەت لە هەڵبڕینی پێڵوی چاوەكانم بگەیشتیتایە. ببورە بابەگیان: حەزم دەكرد هەموو شوناسی منت بناسیایە.. هاوشێوەی ڕابەرەكەم لە نێو ئاپۆڕای جەنگدا... ملوانكەكەم بناسیایەتەوە.. حەزم دەكرد كراسەكەم.. سهرپۆشهكەم.. گوارەكەم.... تەنها خۆم.. ببورە بابەگیان دەیانناسیتەوە.. یان بانگەوازی بۆدەكەیت ئاخۆ هی كێیە؟ حەزم دەكرد ئەمشەو تەنها هەرخۆم نەبوومایە.. لە نێو خەونەكانی تۆشدا گوزەرم بكردایە.. لە بری ئێستا من كەوا لەم درەنگە شەوەدا بە ئاگام.. تۆش پرخەت دێ... بدەی لە دەرگای ژوورە تەڕوساردەكەم بە دڵێكی پڕحەسرەتەوە خۆت بكردایە بە ژووردا.. هەستم بكردایە كە چەند بە تاسەوە بیركردووهتەوە ئاخۆ نووستوم، یان چەند شەوە بە ئاگام.. وەرە دام پۆشە.. فرمێسكەكانم بسڕە.. بیرت دەكەم.. هەرچەند یەك دیوارمان نێوانە. ببورە بابەگیان، هەركەس گوێی لەم حەسرەتە بێت وادەزانێ (ئەمە خەیاڵە؟ بەڵام ڕاستەقینەیەو خەیاڵ نییە)، چەندساڵە دنیات جێ هێشتووە، ئەمەی دەیڵێم نازی بێ باوكییە! ببورە بابەگیان.. حەزم دەكرد بەم شەوە درەنگە هەستایت.. تەماشای نوزەی گڵۆپی ژوورەكەمت بكردایە.. كێ ناڵێ.. بەدەم شەوەكانی تری تۆوە كۆتاییم بە هەموو شتێك نەهێناوە. ببورە بابە گیان: حەزم دەكرد لە بری ئەو هەموو توڕەبوونو هاواركردنە.. كە لە كۆڵان.. ناوەكانی خۆمان دەدۆزمەوە... گوێم لە قاقای پێكەنینی یەكتر بووایە، ببورە بابەگیان.. حەزم دەكرد جارێك بێیت بە شوێنما بۆ قوتابخانە.. دەست بخەیتە سەرشانمو ماوەیەك پێكەوە بڕۆشتینایە.. تابلۆیەكمان دروست بكردایە كە ئاشنایی هەموو ڕەنگەكان بووایە.. تۆ باوكێكی دڵسۆز، منیش ئەو كچە نازدارەی بابە بوومایە، چاوەكانم تەنها تۆی بدیایە. ببورە بابە گیان: حەزم دەكرد بەیانیان كە هەڵدەستی بۆ نوێژ.. تكایە لە دەرگای ژووری منیش بدە، هەرچەندە من هێشتا ڕۆژەو كاتی نووستنم نەهاتووە! یان حەزم دەكرد لە نزاو پاڕانەوە باشەكانت بە ئاگا بهاتمایە.. ببورە بابە گیان واخۆت گۆڕیو چوویت بۆ شوێنی كارت.. نەخەوی ئەم شەوەت بە من سپارد.. نە ڕۆڵێكی ئەمڕۆشت بە من دا.. حەزم دەكرد منیش هاوڕێت بوومایە.. هەندێجار گوێم لێیە هاوڕێكانت بە قسە خۆشەكانت هێندە پێدەكەنن.. دەڵێن ئەوەی لەگەڵ تۆبێ هەرگیز پیر نابێ.. ئەی بابە گیان كیژۆڵەكەت بۆ سەری سپی بوو.. بۆ چرچەكانی ناوچەوانی دەركەوتووە.. هەمیشە دەستەكانی دەلەرزێ.. تكایە بابە گیان بە هاوڕێكانت قبوڵم بكە.. حەز دەكەم هەمیشە گەنج بم. ببورە بابە گیان :حەزم دەكرد جارجارە كە لە ڕێی كارەكەت كچۆڵەكەت بەدی بكردایە.. وەكو كەسێكی نەناسراو سڵاوت لێ نەكردایە.. دەست بگوشیمایەو تێرتێر ماچت بكردمایە... هەموو ئەو ڕەنگانەی بە كراسەكەتەوەیە منیشی ڕەنگ بكردایە.. بۆنی ماندووبوونو عارەقتم بكردایە.. چەند پێویستم پێتە بابە گیان ،حەزم دەكرد ئێستا لە بری لە سەرمێزێكی باخچەیەك... خەریكی بە تاڵكردنەوەی شووشەیت... گوێت لە من بووایەو هەموو ئەم خەمانەت بە تاڵ بكردایەوە.. لە بری خەمی لە دەستچوونی بڕێك ماددە، هۆن هۆن مژ لە جگەرەكەت دەدەیتو لە تاو دووكەڵی ڕەش.. ڕووی سپی من نابینی، حەزم دەكرد پێكەوە خەمت لە شەوی من بووایە.. منیش وەكو جگەرەكەی دەستت سوتام.. بەڵام ناتوانیت جارێكی تر دام گیرسێنیتەوە.. هەستم پێ بكە پێویستم پێتە.... ببورە بابەگیان زۆرم پێویست پێتە.. لە نێو كەشتییەكدام.. نازانم شەپۆلەكان بەرەو كوێم دەبات.. سەوڵی كەشتییەكەش نوستووەو كچۆڵەكەت وا بە تەنها بەڕێ دەكەوێت... بابە گیان نەلە خەونەكان دەگەم نەشەوەكانم هەروا سپی دەبێتەوە.. ببورە بابەگیان... دەستەكانت ماچ دەكەم.. ناوت هاتووە بە چوارەم جار لە قوتابخانەكەی پێشەواكەم، (أمك. أمك. أمك. ثم أبوك)... خۆشم دەوێیت... ئەی بابە گیان. ببورە بابە گیان: حەزم دەكرد هێندە ئاشنا بوویتایە لە گەڵم.. لە بۆنەو جەژنەكاندا.. لە خۆشیو ئاوازی خێزانەكاندا.. یەكەم كەس بوویتایە.. لە هەر كوێ بوومایە.. لە خەیاڵمدا بوویتایە.. هێندە تامەزرۆت بوومایە.. لە هیچ شوێنێك خۆشترم نەدیایە.. هاوشێوەی مامۆستاكەم لە سەرەمەرگدا.. بانگ بكردمایەو چرپەیەك بە گوێمدا بكردایە.. هەرچی خەمی ئەو حەسرەتە پڕ فرمێسكەیە.. بتكردایە بە بزەیەك لە ماڵئاوایت دا... حەزم دەكرد لە جێی هەموو ئەم شەوانە لە ڕێی هەموو ئەم چیرۆكانە... لە سەفەری هەموو ئەم خۆشییانە.. منیش لەگەڵ تۆ بوومایە.. ببورە بابە گیان حەزم دەكرد زۆر خۆشحاڵ بوویتایە ..نەك وشەیەكی زبر زۆر بڵێیتەوە.... بۆ كێی بكەم؟... ببورە بە پرسیارەكەتدا زۆر غەریبین پێت.. بابە گیان ببورە.. خۆشم دەوێیت..هەرچییەك بم.. لە دوای ناوی خۆمەوە.. نازناوی تۆیە.. ببورە بابە گیان... حەددم نییە گەردنت لە لای من بێت.. بەڵام بۆ سەبوری دڵم دەڵێم بابە گیان گەردنت ئازابێت.. زۆر پێویستم پێتە.. قوربانی دەستەكانت بمو هەنگاوەكانت بەرزو پیرۆزن لام، خۆشم دەوێیت. ببورە بابە گیان: دنیا هێندە كاڵ بووەتەوە.. شەوو ڕۆژێ تەنها دوو سێ كاتژمێر یەكتر دەبینین.. تەنها خەونم حەزم نەكرد چیرۆكەكە سەرەتاكەی ئاوابێ.. بابەگیان.. حەزم لە دەنگتە.. حەزم لە بینینی ڕووخسارتە.. حەزم لە هاوڕێیەتیتە.. حەزم لە ڕۆیشتنو خەونو ئاواتە.. بیرت دەكەم غەریبیت دەكەم.. بابە گیان ببورە.. بە خۆشت نەزانیوە كە چەند پاڵەوانی دراماكەی ژیانمیت.. من چی لە باڵە خانە بكەم.. چی لە گەشتوسەیرانی شاران بكەم.. چی لە گیرفانی پڕو جلی زۆرو ماڵی پۆشتەو سفرەی پڕ لە خوان بكەم.. چی لە ژووری پڕ لە عەنتیكەو زینە بكەم.. من پێوێستم بە تۆیە.. بەم هەموو حەسرەتەوە ئامادەنیم بابەگیان ترسم لە دەستچوونی تۆ هەبێت... بیبەخشم بە یەكێ لە هاوڕەگەزەكانت لە نێو كۆڵانەكان.. بە پێچاوپێچی شەقامەكان.. بە زەنگی مۆبایلەكان.. بە باڵەخانەی شاڕێیەكان.. تکایه لێم تێبگە.. من هەستاومو هەنگاوەكانم بڕیوە.. تەنها پێویستم بە لە ئامێزگرتنتە.. بابە گیان ببورە گەر هەناسەیەكم مابێ حەز دەكەم پڕ بە دڵ.. لە ئامێزی تۆدا بم.. دەترسم بەرگەی ئەو ڕۆژە نەگرم... چاوەڕێم تەنها تۆ خەمەكانم بزانیتو لە نێو ئاپۆڕای خەڵكدا مژدەی گرەوی ژیانم پێ بدەیتەوە.. ببورە بابەگیان لە كەمتەرخەمی كیژۆڵەكەت.. ناوەكەت هێندە بە خاوەنو گشتگیرە.. هەركەس خاوەنی منداڵ بێت (كچ، یان كوڕ)، هەر بانگت دەكەن بابە گیان.. لە قوتابخانە، لە زانكۆ، لە دادگا، لە مزگەوت، لە نەخۆشخانە، لە نێو شەقامو كۆڵانەكان.. لە بازاڕو باڵەخانەكان.. لە شاییو خۆشیو ناخۆشییەكانی دەوروبەر لە شەوو ڕۆژدا.. بە منداڵیمو بە گەنجیمو بە پیریم... هەر دەڵێم بابە.. بابە.. بابە.. بەڵام منداڵەكان بۆخۆیان ناوەكانیان جیاوازە.. هەریەكە بە یەك خاوەن بانگی دەكەن.. ناوەكە ناوی كیژۆڵەكەتە..خاوەنەكەش تەنها تۆی بابە گیان.
شاگوڵ عوسمان حسەین
بڕیار

لهسهر هێڵ نییه