.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له ئه‌وروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابه‌ته گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه










قورئان ده‌قێكی زمانه‌وانی بۆ ته‌ئویل
تهئویلكردنهوهی ده‌ق چه‌نده دیدێكه ته‌ئویلكار ده‌یه‌وێت ئاراسته‌یه‌كی جیاواز بۆ ماناكانی ده‌ق بدۆزێته‌وه، هێنده‌ش ڕه‌خنه ئاراسته‌ی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی تێگه‌یشتنی پێشوو ده‌كات بۆ ده‌ق، به‌تایبه‌ت كاتێ ئه‌و ده‌قه‌ی ده‌خوێنرێته‌وه، ده‌قێكی یه‌زدانی وه‌ك قورئانی پیرۆز بێت، كه تهئویلكردنهوهی ئه‌و ده‌قه له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و دیده ڕاڤهكارییه كه ده‌ق له‌نێو مانایه‌كی دیاریكراودا قه‌تیس ده‌كات، بۆیه تهئویلكردنهوهی ئه‌و ده‌قه له‌لایان بیریاری عه‌ره‌ب (نه‌سر حامد ئه‌بو زه‌ید) بۆته هۆی ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی ته‌ئویلكردن ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی نه‌بێت بۆ ده‌ق، بهڵكودهركردنی هه‌ردوو چه‌مكی (عه‌قڵ و زانست) بێت، له‌نێو سیاقی مێژوویی و تهئویلكردنهوهی هه‌ردوو چه‌مكه‌كه‌یه له‌نێو ڕه‌هه‌ندی ده‌لالی زمانه‌وه، ئه‌و ساته‌ش ته‌ئویل لهپڕۆسهیهك بۆ كرانه‌وه‌ی زمان ده‌بێت به گوتارێكی ڕه‌خنه‌یی بۆ به‌رامبه‌ره‌كان، بۆ ئه‌و دیده سه‌له‌فیه‌ی كه ناتوانێ عه‌قڵ له‌نێو ڕه‌هه‌ندیی مێژوویی ده‌ربكات، هه‌ر له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی هاوسه‌ری ئه‌و بیریاره وهاوسه‌ره‌كه‌ی (ئیبتیهال یونس) ده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا به‌پێی ڕاڤه‌كردن بۆدهق، ده‌بێت ئه‌و دیده سه‌له‌فیه بكرێته ده‌ره‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌وه، چونكه ناهێلێت ده‌قه‌كه له‌ئێستادا بژیێت، به‌ڵكو ڕاڤه‌كردنی مێژوویی زه‌مه‌نێكی ئه‌فسانه‌یی به ده‌ق ده‌به‌خشێت.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌مه‌نه ئه‌فسانه‌ییه له‌ڕێگه‌ی ته‌ئویله‌وه به‌رهه‌م دێت، كاتێك توانیمان زه‌مه‌نی ده‌ق وزه‌مه‌نی ته‌ئویلكار له‌یه‌ك جیا بكه‌ینه‌وه، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی ئه‌و سیستمه فرمان به ته‌ئویل ناكات، به‌ڵكو چۆنیه‌تی بینینی ته‌ئویلكار بۆ ئه‌و سیستمه خاڵی ئاشكرا كردنه، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌ق له خوێندنه‌وه‌ی ته‌ئویلكار ڕووبه‌رووی ئیشكالیه‌ت بێته‌وه، ئه‌وا "ئیشكالیه‌تی خوێندنه‌وه له‌سنوری ئاشكرا كردنی ده‌لاله‌ت ناوه‌ستێت بۆسیاقی مێژوویی ڕووناكبیری فیكریی، بهڵكوئهوهیان بۆهه‌وڵدان وگه‌یشتنه بهمهغزای هاوچه‌رخ بۆ ده‌قی كولتوری"(1)
كو‌لتور وه‌ك به‌رهه‌می ئه‌و ڕابردووه سه‌یر ده‌كات، كه ته‌ئویلكار وه‌ك خودێك به‌شێكه لێی، نه‌ك كو‌لتورێك بێت پێی نامۆبێت، ئه‌و ڕابردووه ئاینیه ڕه‌تناكاته‌وه، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیی له‌نێوان كو‌لتور وزانست بدۆزێته‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندیه توانای ئینتیماكردنی هه‌یه بۆتهئویل، ئه‌وه‌ش له‌به‌رده‌م دووكولتور وزه‌مه‌نی جیاوازدا ده‌مانوه‌ستێنێ، زانستی نوێ وه‌ك به‌رهه‌می خۆر ئاوا، ده‌ق وه‌ك كولتورێكی عه‌ره‌بی، به‌ریه‌ككه‌وتن وبه‌شداری كردنی ئه‌ودوانه له‌گه‌ڵ یه‌كتری وقبووڵ كردنی ئه‌و زانسته وه‌ك میكانیزمێك بۆخوێندنه‌وه‌ی ده‌ق، به‌واتای وه‌ك تاكه گوتارێكی سه‌ربه‌خۆ به‌و كاره هه‌ڵناستێ، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات ئاماژه كولتوریه‌كانی ده‌ق ته‌ئویل وڕاڤه بكات، ئه‌وه‌ش له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌ق ویه‌زدانی به‌سته‌وه به زانستی زمانه‌وه، بۆیه ده‌سته‌واژه‌ی (قورئان ده‌قێكی یه‌زدانییه)ی گۆڕی بۆ(قورئان ده‌قێكی زمانه‌وانی یه‌زدانییه) به‌دانانی ووشه‌ی زمانه‌وانی به‌واتای ئه‌و ده‌قه له‌ناو مه‌غزا ئاینیه‌كاندا گیر ناخوات، هێنده‌ی وه‌ك ده‌قێكی زمانه‌وانی سه‌یری ده‌كات كه‌شایه‌نی ته‌ئویلكردن بێت، چونكه كاتێ ئه‌و ده‌قه وه‌ك سیستمێكی زمانه‌وانی ده‌ربكه‌وێت، ئه‌و ساته سیاقی مێژوویی زه‌مه‌نی ده‌قه، زه‌مه‌نی تهئویلكاریش زه‌مه‌نی ته‌ئویلكردنی ئه‌و سیاقه مێژوویی وڕووناكبیری وفیكرییه، كه به‌دوای ئه‌وه ته‌ئویل ده‌كات،
كاتێك ده‌ق كۆمه‌ڵێك پرسیاری له‌لا دروست ده‌كات، ئه‌و پرسیارانه ده‌بنه میكانیزمی خوێندنه‌وه، هه‌رچه‌نده ڕاڤه‌كردنه‌وه‌ی مێژوویی خوێندنه‌وه‌یه‌ك نییه بۆ ڕابردوو، به‌ڵكو وابه‌سته بوونی ڕاڤهكاره له‌نێو مێژوو، ئه‌وه‌ش سڕینه‌وه‌ی زه‌مه‌نی ڕاڤه‌كردنه، چونكه مێژوو ڕاڤه‌كار ده‌خوێنێته‌وه، نه‌ك ڕاڤه‌كار مێژوو بخوێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر ڕاڤه‌كار هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی مێژووی بدابوایه، ئه‌وا ئه‌و كاته ستراتیژی ڕاڤه‌كار ده‌یویست زمان به‌ره‌و كرانه‌وه به‌رێت، چونكه"خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی له‌توانایدایه گه‌شه‌ی ده‌لالی له‌ناو ده‌ق ئاشكرا بكات"(2)
ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حوكمی له‌پێشینه‌ی ڕاڤه‌كار په‌یوه‌ندیی به ده‌قه‌وه نییه، چونكه ئه‌وه به‌پێی ڕاڤه‌كردنی ئه‌و ده‌قه نییه، وه‌ك ئه‌بوزه‌ید ئاماژه‌ی پێده‌دات، كه حه‌وا توانی ئاده‌م بخه‌ڵه‌تێنێ، به‌ڵكو ئه‌و ڕاڤه‌كردنه په‌یوه‌ندیی به ده‌قی ته‌وراته‌وه هه‌یه، قورئان ئاده‌م له‌و گوناهه ناكاته ده‌ره‌وه، به‌ڵكو به‌رپرسیاریه‌تی سزا بۆههردووكیان وه‌ك یه‌ك وایه، به‌ڵام ئه‌وه گوتاری ڕاڤهكاره ئاینیه‌كانه كه سوود لهچیرۆكهكهی ته‌ورات وه‌رده‌گرن وله‌ناو ده‌قێكی تر كه قورئانه ته‌وزیفی ده‌كه‌ن، به‌و كاره‌ش ڕاڤه‌كار گوتاری ده‌ق كه قورئانه بهئاقارێكێتری مانادا ده‌بات، كه په‌یوه‌ندیی به‌هیچ تێگه‌یشتنێكی زمانه‌وه نییه، به‌ڵكو له ڕاڤه‌كردنی زمانێكی دی ولهدهقێك كه‌جیاوازه، ڕاڤه‌ی زمانی دووه‌م ده‌كرێت، به‌و كاره‌ش ڕاڤه‌كار هه‌ڵده‌ستێت به شێواندنی مانا، ئه‌گه‌ر پرسیاری ئه‌وه ڕووبه‌رووی خۆمان بكه‌ینه‌وه، ئه‌و ده‌قه بۆچی به‌ره‌و ته‌ئویل ده‌هێنرێت؟ ئه‌وه پرسیارێكه په‌یوه‌ندیی به فره‌مانایی ئه‌و ده‌قه‌وه هه‌یه، له‌كاتێكدا ڕاڤه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره ده‌قانه په‌یوه‌ندیی ده‌به‌ستێت كه مانا تێیدا ده‌ست نیشان كراوه، یاخود تاك مانایی هه‌یمه‌نه‌ی خۆی به‌سه‌ر ده‌ق ده‌سه‌پێنێت، ڕاڤه‌كردن له‌توانایدا نییه ده‌قی فره‌مانا چاره‌سه‌ر بكات، بۆیه ئه‌و ڕاڤهكردنانهی ناتوانن خوێندنه‌وه‌ی به‌و ده‌قه ببه‌خشن له‌جه‌وهه‌ردا په‌یوه‌ندیی به‌و میكانیزمه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ش سنوری ده‌سه‌ڵاتی ڕاڤه‌كار له ئاستی ده‌قدا ده‌ست نیشان كرا‌و ده‌كات.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه بتوانێت چاره‌سه‌ری خوێندنه‌وه بۆ ده‌ق بخاته ڕوو، ئه‌وه ده‌بێ بڕوامان به ڕه‌خنه‌گرتن لهڕاڤهكردن هه‌بێت وئهلتهرناتیڤی ئه‌و كاره‌شمان ته‌ئویله، هه‌ر بۆیه ئه‌و ده‌قه لهنێوبونیادی زماندا بڕوای به ته‌ئویله، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ڕووی ووتراوی نێو زمانی ده‌قه‌كه‌ش سه‌یر بكه‌ین ده‌بینین، هه‌ڤده جار ناوی ته‌ئویل هاتووه، وه‌ك (عه‌بدولئه‌میر كازم) له لێكۆلینهوهكهیدا ئاماژه‌ی پێداوه وله‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێت تاقه جارێك ناوی ڕاڤه‌كردن دێت، بۆیه"په‌یوه‌ندی ڕاڤه‌كردن به ده‌قه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كه وابه‌سته‌یه به‌م ێژووگهڕێتی ڕاڤهكارهوه، به‌ڵام په‌یوه‌ندیی ته‌ئویل به‌ده‌قه‌وه، په‌یوه‌ندیه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی ده‌ست نیشان كراودایه"(3)
سیمیۆلۆژیای هیرمنیۆتیكی
به‌ر له‌چوونه نێوخوێندنهوهی پڕۆژه تهئویلكاریهكهی ئه‌و بیریاره بۆدهق، پێویست ئاماژه به‌و میتۆد ومیكانیزمه بده‌ین كه ده‌قی پێ ته‌ئویل ده‌كرێت، چونكه ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه به‌ره‌نجامی تیۆری ڕه‌خنه‌یی عه‌قڵی خۆر ئاوایه، ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌ش بۆ قورئان به‌ر له هه‌شت سه‌ده پێش ئێستا ئیبن روشد بۆ ئه‌و ده‌قه خستیه ڕوو، به‌ڵام سه‌له‌فیه‌تی عه‌قڵی عه‌ره‌بی توانای قبووڵ كردنی ئهوخوێندنهوهیهی نه‌بوو، دواجار خۆر ئاوا سوودی له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی ئیبن رۆشد وه‌رگرت وله‌ناو گوتاری ڕه‌خنه‌یی خۆیدا گه‌شه‌ی پێیدا، كه عه‌ره‌ب تائه‌مرۆش له‌و هه‌وڵه ده‌سڵه‌مێنه‌وه، باشترین نمونه‌ش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌بو زه‌یده بۆ قورئان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خهوێندنهوهی نه‌سر حامد ئه‌بو زه‌ید بۆ قورئان، خوێندنه‌وه‌یه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی كولتوری عه‌قڵی عه‌ره‌بیه‌وه‌یه وبه‌رهه‌می ڕه‌خنه‌ی خۆرئاوایه، كه له‌ژێر تیۆری زمانه‌وانی سۆسێره‌وه ده‌ست پێده‌كات وبه تێگه‌یشتن وخوێندنه‌وه‌ی سلڤرمان بۆ ئه‌و كولتوره زمانه‌وانی وفه‌لسه‌فیه، كه تێیدا ده‌ق ده‌خاته نێوان هیرمنیۆتیكا وههڵوهشاندنهوه، ئه‌وه‌ش ناو ده‌نێت (سیمیۆلۆژیای هیرمنیۆتیكی) كه دواجار ئه‌و پڕۆسه تهئویلكاریهی ئه‌بوزه‌ید ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و سیمیۆلۆژیایه، كه ده‌یه‌وێت له‌نێوان هیرمنیۆتیكای مێژوویی گادامێر وتهئویلكردنی سیمیۆلۆژیانهی پۆل ڕیكۆر ستراتیژێك بدۆزێته‌وه بۆ قووڵ بوونه‌وه بۆ نێو ده‌ق له‌ڕێگه‌ی زمان وسیستمی ده‌لالی، ئه‌وه‌ش له‌بنه‌ماوه ڕوانینێكی سۆسێریانهیه بۆ زانستی زمان، كه"زانست بۆ ئاماژه‌كان ده‌بێت به لقێك له زانستی زمان، كه بشبێت به‌و لقه‌ی ده‌ست نیشانی میتۆدی زانستی نوێ بكات، له‌هه‌مان كاتدا گرنگترین تهوهریشه لێی"(4)
دیاره ناكرێ ئه‌و دیده‌ش بۆ سیمیۆلۆژیای هاوچه‌رخ خاڵی بكه‌ینه‌وه له‌بنه‌ما سیمیۆلۆژیهكانی رۆلان بارت، چونكه گۆڕینی هاوكێشه‌ی ده‌ق له (مه‌رگی نووسه‌ر) ی بارت وه‌رده‌گیرێت،.گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه زمانه‌وانیه بۆ نێو قورئان، ته‌نیا بۆ تهئویلكردنهوهی ئه‌و ده‌قه نییه، به‌ڵكو تهئویلكردنهوهی ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ی پێشووشه كه چۆن تێگه‌یشتنی عه‌قڵی وڕاڤه‌كردنی بیستراو فرمان به‌سه‌ر ده‌قدا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌بوزه‌ید له‌ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له‌و جۆره خوێندنه‌وه‌یه، ستراتیژی خوێندنه‌وه‌كه‌ی ڕۆشن ده‌كات، به‌وه‌ی نایه‌وێت ته‌نها به‌پێی تێگه‌یشتنی عه‌قڵی مرۆیی ته‌ئویل بكات، یان پشت بهڕاڤهكردنه مێژوویه‌كان ببه‌ستێت، به‌ڵكو ئه‌و ده‌قه چه‌نده له‌ناو مێژوودا ئاماده‌یی هه‌یه، گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو ئه‌و مێژووه، گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و پرسیاری ته‌ئویلی گادامێر، ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ش پڕۆسه‌ی ته‌ئویلكاری ده‌قه له‌نێو زماندا، ته‌ئویلكردن په‌یوه‌ندیی وێنه‌ی ده‌نگی بیستراوه، كه فره ته‌ئویلی له‌نێو خوێندنهوهكاندا كوژرابوو، بۆیه ئاماژه وته‌ئویل په‌یوه‌ندیه‌كی تر درووست ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه ته‌نها (دال) ی زمان نییه ته‌ئویل ده‌كرێت، به‌ڵكو ته‌ئویل له‌وه قووڵتر ده‌بێته‌وه به‌دوای زانستی ئاماژهكانیشهوه خه‌ریك ده‌بێت، به‌واتای له زمانه‌وه به‌ره‌و ئاماژه ده‌چێت، ئه‌وه‌ش سیمیۆلۆژیای هیرمنیۆتیكیه. تهئویلكردنهوهی ده‌ق له‌سه‌ر تهئویلكردنهوهی یه‌زدان نییه له‌لایان تهئویلكارهوه، به‌ڵكو یه‌زدان له‌و پڕۆسه‌یه‌دا له‌ده‌ره‌وه‌ی تهئویلدایه، بۆیه گۆڕینی ده‌قێكی یه‌زدانی به ده‌قێكی زمانه‌وانی یه‌زدانی، به‌ته‌نها زیادكردنی ووشه‌یه‌ك نییه، به‌ڵكو ئه‌و ووشه‌یه به‌شداری كردووه له هاوكێشه‌ی (نووسه‌ر/ ده‌ق/ خوێنه‌ر) بۆ (ده‌ق/ خوێنه‌ر)
به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌قی نووسه‌ر كهیهزدانه له‌و هاوكێشه‌یه‌دا ئاماده‌بوونی نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئاماده‌گی هه‌یه ده‌قه، ده‌ق وه‌ك فه‌زایه‌كی ده‌لالی وزمانه‌وانی، فه‌زایه‌ك كه سانسۆر ناكرێت، ده‌ركردنی یه‌زدان له‌ناو ته‌ئویل له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌رگی نووسه‌ری بارته، چونكه قورئان ده‌قێكه توانای كرانه‌وه وبه‌شداریكردنی هه‌یه له‌ناو زه‌مه‌نی ته‌ئویلكار، وه‌ك هه‌ر ده‌قێكی زمانه‌وانی ته‌ئویل ده‌كرێت، بۆیه كاتێ ڕاڤهكردنهكان توانای خوێندنه‌وه‌یان نییه چه‌نده بۆ ڕاڤه‌كردنێك ده‌گه‌ڕێته‌وه كه‌ده‌یه‌وێت مانا بگۆڕێته سه‌ر ده‌لاله‌تێكی ده‌ست نیشان كرا‌و، هۆكاری دووه‌میش ئیشكالیه‌تی هاوكێشه‌ی ڕاڤه‌كردنه، به‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌ق كه یه‌زدانه، هه‌موو ڕاڤهكردنهوهكان بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام به ئینتیماكردنی ئه‌و ده‌قه بۆ ناو ڕه‌خنه‌ی نوێ وده‌ركردنی به‌رهه‌م هێنه‌ر له‌و په‌یوه‌ندیه، به‌واتای بوار بۆ خوێندنه‌وه ده‌كاته‌وه تا ته‌ئویل بكات. زمان له‌و ده‌قه‌دا زمانێكی سرووشتیه كه له ڕه‌گدا هه‌ڵگری ده‌لاله‌ته، بۆیه ئه‌و زمانه ڕه‌هه‌ندێكی سیمانتیكی هه‌یه، كه ئه‌و كه‌لێنه زمانه‌وانیه‌ی جێهێشتووه كه له‌ناو زه‌مه‌نی مێژوویی ڕاڤه نه‌كرێته‌وه، ئه‌و دیده سیمیۆلۆژیه بۆ ده‌ق خود ده‌كات به جه‌سته، بۆیه به‌پێی مانا (بارت) یه‌كه، ژن خودێكه وه‌ك ده‌ق سه‌یری ده‌كه‌ین، ده‌قێكه له‌ڕێگه‌ی ئه‌نترۆپۆلۆژیای زمانه‌وانیه‌وه ده‌خوێنرێته‌وه.
ئه‌نترۆپۆلۆژیای زمانهوانیوشوناسی بریندار
بۆئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی نه‌گۆڕ بهچهمكهكان نه به‌خشێت، له‌تێڕوانینی ئه‌نترۆپۆلۆژیای زمانه‌وه ته‌ئویلی ئه‌و ده‌قه ده‌كات كه ژنه، ته‌ئویلكردنی ژن له‌ناو قورئان،. ته‌ئویلكردنی ده‌قێكه له‌ناو ده‌قێكی سنور فراوان وفره مانا، ئه‌وه‌ش بنه‌مایه‌كی میتۆدیی خوێندنهوهكهیهتی، چونكه ئه‌نترۆپۆلۆژیای زمانه‌وانی به‌شێكی سه‌ره‌كی میتۆدیی سیمیۆلۆژیایه، له‌ساكارترین پێناسدا ده‌ڵێین"ئه‌نترۆپۆلۆژیای زمانه‌وانی گه‌ڕانه به‌دوای مێژووی زماندا، ئه‌وه‌ش توێژینه‌وه‌یه له‌باره‌ی ئهركیۆلۆژیاوه، كه ئه‌نترۆپۆلۆژیای كولتوری له‌ڕێگه‌ی زمانزانی وئهنتۆلۆژیا وئهركیۆلۆژیاوه ده‌یه‌وێت به‌ره‌و زه‌مه‌نێكی دوور بگه‌ڕێته‌وه"(5)
له‌و ڕوانینه‌وه زمان ته‌ئویل ده‌كات، كه بكه‌ر تیایدا نێرینه‌یه وژنیش ته‌نها لقێكه له‌ناو ئه‌و بكهرهدا، دواجار تواناكانی بكه‌ر له‌ناو تواناكانی نێرینه‌دا كۆ ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بێ به زمانی عه‌ره‌بیه‌وه، به‌ڵكو له‌ناو زمانه‌كانیش تریش هه‌بێت، به‌ڵام له توێژینه‌وه‌ی ئهنترۆپۆلۆژیانهدا ده‌رده‌كه‌وێت، كه توانای زمان په‌یوه‌ندیی به ئاستی ئاگایی ئه‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه هه‌یه كه گوتاری ئه‌خلاقی وهێزی خۆی له‌ناو وێنه‌ی شۆره‌سواری وقارهمانێتیدا كۆكردۆته‌وه، بۆیه زمان خاڵی نییه له‌و گه‌شه سه‌ندنه‌ی مرۆڤی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه وبه‌پێی ئاستی ئاگایی مرۆڤه‌كانیش ده‌بێت ته‌ئویل بكرێت، بۆیه ئه‌و ڕاڤه تاكرهههنده چه‌نده په‌یوه‌ندیی بهكزیی ئاگایی ئه‌و مرۆڤه‌وه هه‌یه وئاماده‌بوونی ده‌ق پڕۆسه‌یه‌كه بۆعهقڵانی بوونی، ئه‌وا له‌ئێستادا ئه‌و ده‌قه له‌نێو كوشتنی تاك ماناییدایه، مانای وایه ئه‌و مرۆڤه ناتوانێ ته‌ئویل بۆ ئاستی عه‌قڵانی وئاگایی خۆی بكات، بۆیه قبووڵكردنی ڕه‌هه‌نده مێژوویه‌كه‌ی ده‌ق به مانای عه‌قڵی ئه‌و په‌یوه‌سته به ڕه‌هه‌ندیی مێژوویی له‌ئێستادا. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر عادهبوونی ژن سزایه‌كی یه‌زدانی بێت له‌به‌رامبه‌ر به تاوانێك كه له مێژوودا كه ژن دره‌ختێكی ده‌رخواردی پیاوداوه.. كه خوێنی تێدا بووه، ئه‌وه‌ش گۆڕینه‌وه‌ی تاوانێكه به سزای تاوانێك، كه گۆڕینه‌وه‌ی خوێنه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و سزایه به سزایه‌كی یه‌زدانی ناوبه‌رین، ده‌بێ بڵێین په‌یوه‌ندیی گۆڕینه‌وه‌ی خوێنه، بۆیه سه‌یركردنه‌وه له‌ناو سیاقی مێژوویی ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌فسانه‌یی به‌و مێژووه به‌خشیووه، له‌بڕی به‌پیرۆز ڕاگرتنی یه‌زدان، ئه‌و به پیرۆز ڕاگرتنه ده‌بێت به‌شێواندنی مانا بنه‌ڕه‌تیه‌كان، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و دیده سه‌له‌فیه بیه‌وێت هه‌ر دیارده و پێشڤه‌چوونێكی زانستی وكۆمه‌ڵایه‌تی بۆ‌نێو ده‌ق بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه وه‌ك به‌رهه‌می كولتوری عه‌قڵی كۆمه‌ڵگا وپه‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دانانێت، به‌ڵكو وه‌ك ئاین ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه، هه‌ر بۆیه ته‌ئویلكردنی ئه‌و ده‌قه له‌سه‌ر ئاستی گه‌مه‌ی ده‌لالیه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی قبووڵی نییه ئاماده‌یی ئه‌وه‌شی تیا نییه كه ده‌سبه‌رداریی سیاقی مانا وڕهههندیی مێژوویی بێت، بۆ ئه‌وه‌ش ڕه‌خنه ئاراسته‌ی (فه‌همی هوه‌یدی) ده‌كات بۆ ڕاڤه‌كردنی ئایه‌تێك، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕه‌خنه‌یه توانای خوێندنه‌وه‌ی مانای هه‌بێت، ئایه‌تی پێشوو ده‌هێنێته‌وه، چونكه پێی وایه" وقرن فی بیوتكن ولاتبرهن تبرج الجاهلیه الاولی ویقمن الصلاه وأتین الزكاه واطعن الله و رسوله انما یرید الله لیذهب عنكم الرجس اهل البیت یطهركم تطهیرا"(الاحزاب/33)
ته‌ئویلكردنی ئه‌وئایه‌ته له‌لای ئه‌بو زه‌ید ده‌رخستنی ئه‌و ڕاستییه كه "ئه‌وه به‌شێكه له كۆمه‌ڵێك له‌ئایه‌ته‌كان كه په‌یوه‌سته به ڕێكخستنی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان پێغه‌مبه‌ر وژنهكانیدا"(6) بۆئه‌وه‌ی عائیشه نه‌كه‌وێته ململانێ له‌گه‌ڵ عه‌لی.
دانانی ئه‌و سنووره بۆ ڕوونه‌دانی كێشه‌یه كه هه‌ر زیانێك به‌هه‌ر لایه‌ك بكه‌وێت، دواجار به زیانی ئیسلام كۆتایی ده‌هات، ئه‌وه‌ش به‌لایه‌وه پرسیارێكی نائاماده‌یه له‌لای (هویدی) پرسیارێكه له‌سیاقی مێژوویی ده‌ركراوه، چونكه مێژووی زمانی عه‌ره‌بی مێژووی ده‌ست پێكردنی قورئانه، مێژوویه‌كه ئه‌و مرۆڤه ناتونانێت خۆی لێ داببڕێت، دابڕان به‌مه‌به‌ستی سه‌یركردنی ئه‌و مێژووه وه‌ك ڕابردوویه‌ك، كه له‌ئێستادا نه‌بێت به‌نه‌ریت، بۆیه به نهریتكردنی ڕابردوو تێكه‌ڵی نێو زه‌مه‌نی ده‌ق بووه وبه‌وه‌ش ڕاڤه‌كار بۆ ده‌ق توانای خوێندنه‌وه‌ی له‌خۆی سه‌ندۆته‌وه، بێئه‌وه‌ی بتوانن جیاكاری له‌نێوان ده‌ق وه‌ك گوتارێكی قورئانی وڕاڤهكار وه‌ك هیواو خه‌ونه‌كانی بۆئێستا، به‌ڵكو خه‌ونی بۆ ژیان وئازادیی له‌نێو ده‌قدا ڕاڤه‌كردووه، چونكه "له‌گه‌ڵ گۆڕانی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی وچاكبوونی دۆخی ژن له كۆمه‌ڵگادا، ده‌كرێت ده‌قه ئاینیه‌كان لهدهلالهتی مێژوویه‌وه بخوێنرێته‌وه، له‌پێناو هه‌ڵێنجانی جه‌وهه‌ری ونه‌گۆڕی ئه‌و دیوخستنه ڕووی نه‌گۆڕدا"(7)
كه‌واته ئه‌گه‌ر خزمه‌تكردنی پیاو ببێ به‌كاری سه‌ره‌كی ژن، ئه‌و كاره له‌بنه‌ڕه‌تدا برینداركردنی شوناسی ژنێتیه، چونكه خزمه‌تكردن لێدانه له‌و شوناسه‌ی كه ڕۆڵی خزمه‌تكارێكی پێده‌دات وپیاو ده‌كات به‌سه‌ردار.
ئه‌وه له‌كاتێكدا كێشه‌ی ژن به‌رهه‌می واقیعێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه، ئه‌و واقیعه ڕه‌هه‌ندێكی وون ونادیاره، به‌ده‌رخستنی ئه‌و ڕاستیه‌ش كه كێشه‌كه به‌ته‌نها كێشه‌ی ڕه‌گه‌زێك نییه، چونكه كێشه‌یه‌كی مرۆیی كۆمه‌ڵایه‌تیه، به‌واتای ژن وپیاو تیایدا به‌شدارن، بۆیه ئه‌و ڕوانینه‌ی غه‌زالی بۆ قورئان دیدێكی سه‌له‌فیه له‌به‌رامبه‌ر زانست‌دا، به‌وه‌ی ته‌نها قورئان چاوگه‌ی زانسته‌كان وداهێنانه زانستیه‌كان، شتێكی ئه‌وتۆ نین ده‌سه‌ڵاتی یه‌زدان له‌سه‌رده‌می زانست‌دا زیاد ده‌بێت، به‌ڵام چۆن زیاد ده‌بێت؟ ئه‌وه‌یان پرسیارێكی فه‌رامۆش كراوه بهفهرامۆش كردنیشی ده‌سته‌واژه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان مرۆڤی نه‌خۆشن شوێنی پرسیار ده‌گرێته‌وه، بۆیه ڕه‌خنه‌ی نه‌سر حامد ئه‌بو زه‌ید لێره‌دا ڕه‌خنه‌یه‌كه لهوكولتوره داخراوه‌وه ده‌ست پێده‌كات، به‌تایبه‌ت ?
له‌سه‌ر هێڵ نییه




به‌تایبه‌ت له ڕه‌خنه‌گرتنی له "محه‌مه‌د جه‌وهه‌ری" ده‌رده‌كه‌وێت كه جه‌وهه‌ری له‌توانای زمانی ده‌قه‌وه سه‌یری تواناكانی ژنی نه‌كردووه، به‌ڵكو له ڕاڤه‌كردنی سایكۆلۆژیه‌وه له ژنی ڕوانیووه، هه‌رچی "زه‌كی نه‌جیب مه‌حمود" یشه كه‌وتۆته هه‌ڵه‌ی ڕاڤه‌كردن، خاڵه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ده‌قی به‌ره‌و دیدێكی ناڕۆشن بردووه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته خوڵقاندنی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵه، چونكه كاتێك له ڕێگه‌ی ناوبردنی (فالقران كتابهم وكتابی) ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه زمان بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه وه‌ك یه‌ك وایه، ئه‌وه‌ش وا ده‌رده‌كه‌وێت كه نه‌یتوانیووه له ڕه‌وانبێژی خاڵی بێت، بۆیه ئه‌بو زه‌ید دهوقی ئایه‌ته‌كه ده‌نووسێته‌وه (فقلنا یا ا‌دم ان هذا عدو لك و لزوجك فلا یخرجنكم من الجنه فتشقی) كه ئاماژه‌ی زمانه‌وانی ده‌لاله‌ته بۆ تاكی نێركه ئاده‌مه، بۆ ئه‌وه‌ش ووته‌یه‌كی "طبری" ده‌هێنێته‌وه كه كێشه‌كه یه‌كلایی ده‌كاته‌وه له ڕووی زمانه‌وه، بۆیه ده‌نووسێت "نه‌یوتووه (فتشقیا) وه ماناكه‌شی زۆر ڕوونه. وه‌ك چۆن هه‌ڵه‌كه‌شی زۆر ڕوونه"(8) ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش ته‌نها ڕوانینێكی ئه‌نترۆپۆلۆژیانه‌ی زمانه‌وانی نییه بۆ شوناسی ژن، به‌ڵكو وه‌ڵام به‌و ڕوانینه‌ش ده‌داته‌وه كه له‌باره‌ی چه‌مكی ڕه‌خنه گرتن له ڕابردوو ئاراسته‌ی كراوه، چونكه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه مه‌به‌ست له‌و ڕابردووه مێژووی ده‌ق نییه، به‌ڵكو ئه‌و مێژووه‌یه كه ڕاڤه‌كردن ئاراسته‌یه‌كی بۆ مانا سنوردار كردووه، ئه‌و ڕابردووه له‌نێو ته‌ئویل ده‌كه‌وێته نێو پڕۆسه‌ی ڕه‌خنه‌ییه‌وه، ڕه‌خنه‌یه‌ك بۆئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی نوێ بێنێته بوون، پێویستی به پشكنینی ڕابردوو هه‌یه، كاتێ پێشی ئاشنا ده‌بێت ئه‌و ڕابردووه ده‌بێته زه‌مینه‌یه‌ك بۆ ڕه‌خنه، به‌بێ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ڕابردوو ناكرێت به‌دوای دیدێكی نوێ‌دا بگه‌ڕێین بۆ ئێستا كه‌ده‌بێت ئه‌و ڕابردووه ڕاڤهكارییه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه وله بنه‌ماوه هه‌وڵی دۆخێكی كراوه بدرێت بۆ ده‌ق. ئه‌گه‌ر سه‌له‌فیه‌ت بیه‌وێت ئه‌و پڕۆسه ههڵوهشاندنهوهگهراییه بقۆزێته‌وه، به‌وناوه‌ی كه بیروباوه‌ر به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌بردرێت، ئه‌وه ته‌نها هه‌وڵێكه بۆ دهسخهڕۆكردن وهاندانی كۆمه‌ڵگا كه ئینتیما بۆ ته‌ئویل نه‌كه‌ن، چونكه له ڕاستیدا ئه‌و كاره هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ نییه، به‌ڵكو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بیرۆكه‌كانی نێو ڕاڤه‌كردنه كه به‌سه‌ر ده‌قدا سه‌پێنراون، بۆ ئه‌وه‌ش به غه‌زالی وئیبن روشد ده‌ست پێده‌كات، یه‌كه‌میان بووه به سێنته‌ر ئه‌ویدیش په‌راوێز، دواجار پهراوێزهكه به‌ته‌واوی ده‌كرێته ده‌ره‌وه، ئه‌و ده‌ركردنه وای كرد ئیبن روشد بكرێت به‌خۆر ئاوایی، كران به خۆرئاوایی مه‌به‌ست له‌ئاوێته بوونه له‌گه‌ڵ كولتورێكی تر له‌گوتاری ڕه‌خنه‌یی، بۆیه ئه‌و پڕۆژه تهئویلكاریهی ئه‌بو زه‌ید چه‌نده له‌ژێر زه‌مینه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی وزمانه‌وانی ڕه‌خنه‌ی خۆرئاوایی هاتۆته بوون، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا هه‌وڵێكه بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی ئیبن روشد به كولتوری عه‌ره‌بی وسه‌ره‌تایه‌كی عه‌قڵانی بۆ ڕه‌خنه له‌ناو كو‌لتور كه عه‌ره‌ب تا ئێستاش ئیدراكی پێناكات. ته‌ئویل له‌نێوان كهناروسێنتهر ته‌ئویلكردنی ئه‌و كولتوره ڕه‌خنه‌ییه به‌ره‌نجامی تێگه‌یشتنی ئه‌و عه‌قڵه مرۆییه كه حوكمی به‌سه‌ر دیدی خوێندنه‌وه كردووه، ئه‌وه تهئویلكردنهوهی خوێندنه‌وه‌یه نه‌وه‌ك ته‌ئویلكردنی ته‌ئویلكار بێت بۆ ئه‌و خوێندنه‌وانه، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ئیبن روشد وچۆنیه‌تی ڕه‌فتاری عه‌قڵی عه‌ره‌بیه، تهئویلكارێكی وه‌ك ئه‌بو زه‌ید ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و بۆچوونه‌ی كه ئیبن روشد وه‌ك كه‌نار سه‌یر بكرێت، چونكه خوێندنه‌وه‌ی بۆدهق ته‌ئویلێكه بۆ كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی وه‌ك خوێندنه‌وه‌یه‌كی نامۆ سه‌یر بكرێت. ئه‌و نامۆ سهیركردنه وه‌ك په‌راوێزێكی ئه‌و كولتوره ڕه‌خنه‌ییه سه‌یر ده‌كات، كاتێك به‌په‌راوێز ده‌كرێت وه‌ك مه‌عریفه‌ی كه‌نار ده‌خوێنرێته‌وه، به‌مانای بوار بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ده‌كرێته‌وه كه قبووڵ كردن بۆیه ده‌بێت به قبووڵ كردنی سێنته‌ر، دواتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و خاڵه، به‌ڵام با جارێ ئه‌وه‌ی پێویسته ئاماژه‌ی پێبده‌ین كه ئه‌ویش ئیبن روشده، كه‌ئه‌و هۆكاره چیه ده‌یكات به‌كه‌نار؟ كه به‌لای ئه‌بوزه‌ید ئه‌و به‌كه‌نار خستنه په‌یوه‌ندیی به دوو ئاسته‌وه هه‌یه: یه‌كه‌میان ناو ده‌نێت فیكریی وعه‌قڵی وئهویدیش كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی. ئاستی دووه‌م لای ئیبن روشد ئاستێكی د‌رك پێكراوه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ڕه‌فتاری سیاسی خه‌لیفه‌ی ناوچه‌ی قورتوبه له‌سه‌رده‌می بهعقوب مه‌نسور(580-595)ی كۆچی كه‌فه‌رمانی ده‌ركرد ئیبن روشد له‌ناو خۆیان دوور بخه‌نه‌وه، چونكه ئه‌و كاته خه‌لیفه له‌خۆ ئاماده‌كردندایه بۆ جه‌نگ كه پێویستی به ده‌نگی هانده‌ر وپاڵپشت هه‌بوو كه هانی كۆمه‌ڵگا بدات به‌شداری له‌و جه‌نگه بكه‌ن، به‌ڵام بۆچوونی ئیبن روشد له خستنه ڕووی ته‌ئویلكردنی هاوچه‌رخانه بۆ قورئان ده‌بووه مایه‌ی زیان له باری ده‌روونی كۆمه‌ڵگا بدات، بۆیه بڕیاریدا له قورتوبه دوور بخرێته‌وه‌و هه‌موو كتێبه‌كانیشی بسوتێنرێت، ئه‌وه‌ش مانای وایه له ئاستی سیاسیه‌وه حوكم به‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌كه‌ی دراوه، بۆیه به‌كه‌نار خستنی له‌و ئاسته‌دا په‌یوه‌ندیی به‌دوور خستنه‌وه‌ی هه‌یه، چونكه وه‌ك ده‌نگێك سه‌یری ده‌كات دژی كوشتاره، ئه‌گه‌ر ئه‌وه به ناكۆكی فكریی وعه‌قڵی سه‌یری بكه‌ین ئه‌و كاره‌مان ته‌نها ده‌بێته مایه‌ی خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، چونكه دوای كۆتایی جه‌نگ خه‌لیفه فه‌رمانه كۆنه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه ولێ‌ی پاشگه‌ز بۆوه، ئیبن روشد گه‌ڕایه‌وه، ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌وێ مایه‌وه،تا دواجار له‌ساڵی 595 ئه‌و ساڵه‌ی حوكمی خه‌لیفه‌ی ناوبراویش كۆتایی ده‌هات، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ئه‌ویش مرد. ئه‌و ئاسته سیاسی وكۆمهڵایهتیهی كاتێ له‌كه‌نار ده‌یهێلێته‌وه، پێویستی به سێنتهرێكیش هه‌یه، سێنته‌ر لێره‌دا وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤی كه‌نار ده‌بێت ده‌ربكه‌وێت، ئه‌گه‌ر له‌ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نها پێویستی به‌په‌راوێز كردنی كه‌نار بێت، به‌ڵام له‌ناو ئه‌و ئاسته‌دا گوتاره سیاسیه‌كه دڵنیایه له‌وه‌ی به‌بێ سێنته‌ر ناتوانێ ببێ به‌خاوه‌ن بنیاتنانێكی كۆنكرێتی، بۆیه كاتێ ڕاڤه كردنه‌كانی غه‌زالی وه‌ك سێنته‌ر سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌وه‌یان ئاستی یه‌كه‌مه، ئه‌و ئاسته‌ی ئیبن روشد دركی پێنه‌كردووه وئهبوزهید ئاماژه‌ی بۆ كردووه. ئه‌وه‌ش هه‌رچه‌نده وه‌ك ئاستێكی سه‌ربه‌خۆ خۆی ده‌رده‌خات كه ئاستی فیكری و عه‌قڵیه، به‌ڵام زۆرجار وه‌ك تاكتیكی ئاستی دووه‌م ده‌رده‌كه‌وێت، بوونی ئاستی فیكری وعه‌قڵی بۆ دامه‌زراندنی سێنته‌ره ، تاوه‌كو به‌ته‌واوی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی ئیبن روشد ببێت به‌كه‌نار وگوتاری سیاسی وئیسلامگهراكان شه‌رعیه‌تی خۆی وه‌ربگرێت، دیاره ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت نمونه‌یه‌ك له‌ناو دنیای كوردیدا بێنینه‌وه، نمونه‌یه‌كی نوێ وئاماژهكردن بۆی نه‌ك به‌كارێكی پێویست ده‌زانرێ، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌خلاقیشه، ئه‌ویش ئاماژه‌كردنه به ڕووداوی تیرۆركردنی روناكبیرێكی گه‌وره‌ی وه‌ك (عه‌بدولخالق مه‌عروف). له‌و ڕووداوه كاتێ توانای ئاستی یه‌كه‌م بوونی نیه بۆ ئه‌وه‌ی بیخاته كه‌ناره‌وه وبه سێنته‌ر بوونی خۆی له‌دژی ڕابگه‌یه‌نێت، دێت له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی كاری له‌سه‌ر ده‌كات، له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌وڵی شێواندنی وێنه‌كه‌ی ده‌دات، تاڕاده‌ی ئه‌و ناوبردنه‌ی خه‌لیفه بۆ ئیبن روشد به‌مولحید، هه‌مان ناوبردن گه‌شه پێده‌دات، ئه‌وه‌ش ته‌نها بۆ ناشیرینكردنی وێنه‌ی ڕوناكبیرێك نیه، به‌ڵكو هه‌وڵێكه بۆ شه‌رعیه‌تدان به ته‌واوكه‌ری ئاستی دووه‌م، چونكه ئێمه ووتمان ئاستی دووه‌م كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسیه، بۆیه شه‌رعیه‌تدان به‌ئاستی سیاسی رَێگهدانه به‌تیرۆركردنی، بۆچی؟ ئه‌گه‌ر واسه‌یری كتێبه‌كه‌ی بكرابوایه كه نووسینێكه ده‌چێته نێو گه‌مه‌ی سیاسی وده‌توانرێت له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی دژایه‌تی بكرێت وته‌نانه‌ت بڕیاری سیاسیانه‌ی كاتیشی لێبدرێت، وه‌ك قبووڵ كردنی ئیبن روشد دوای ده‌ركردنی وسوتاندنی كتێبه‌كانی، ئه‌وا بیر له‌تیرۆر كردنی نه‌ده‌كرایه‌وه، به‌ڵام چونكه ئه‌وكاره‌ی عه‌بدولخالق مه‌عروف به‌ته‌نها وه‌ك دژایه‌تی ئاستێك سه‌یر نه‌كراوه، هێنده‌ی وه‌ك ڕووبه‌رووبوونه‌وه بۆ ئاستی فیكریی وعهقڵیش سه‌یر كراوه، به‌واتای هه‌وڵێكه بۆ ئاشكراكردنی ستراتیژێك كه پڕۆژه وخه‌ونی سیاسی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نرێت. بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه زیاتر له‌بابه‌ته‌كه دوور نه‌كه‌وینه‌وه، له‌و نمونه كوردیه دێینه ده‌ره‌وه بهكهناركردنی ئیبن روشد به نه‌سر حامد ئه‌بو زه‌ید ده‌به‌ستینه‌وه، چۆن؟ گومانێك نه‌ماوه له‌وه‌ی بڵێین پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌بوزه‌ید به‌ته‌نها له‌ناو تیۆری ڕه‌خنه‌یه‌وه به‌رهه‌م نایه‌ت، به‌ڵكو پڕۆژه‌یه‌كه له به‌ره‌نجامی نه‌زانین ودادگایی سوكراتیانه هاتۆته به‌رهه‌م، مه‌به‌ستمان له‌و ده‌سته‌واژه‌یه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه كه ئه‌و هه‌ست به‌نه‌زانینی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه عه‌قڵی عه‌ره‌بیه نایه‌وێت دان به‌و نهزانینیهی خۆی بنێت، بۆیه خاڵێكی بوێری سووربوونه سوكراتیهكهیهتی" سوكرات ڕاكردنی ڕه‌تكرده‌وه كه‌زۆر به‌ئاسانیش بۆی ده‌هاته دی سووربوونی له‌سه‌ركه‌وتنی ده‌سه‌ڵات كارێك بوو كه پێویسته سه‌رنجمان بۆ ڕه‌هه‌ندی شكۆمه‌ندی ده‌سه‌ڵات ڕابكێشرێت، هه‌روه‌ها ڕێزگرتن له‌لای ئه‌و فه‌یله‌سوفه، هه‌تا ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كانیش ناكۆك بن له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ت، وه‌ك فیكریی فه‌لسه‌فی ده‌یبینێت"(9) دیاره ئه‌بو زه‌ید سوور بووه له‌سه‌ر ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ویستویه‌تی ڕێزیشیان لێ بگرێت، ئه‌گه‌ر ته‌واو له‌گه‌ڵیشیاندا ناكۆك بێت، خۆی وه‌ك نه‌یارێكی ده‌سه‌ڵات ده‌رنه‌خستووه، هێنده‌ی ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته سوكرات ژه‌هر خوارد ده‌كات وئیبن روشد له‌ماڵ ده‌رده‌كات وكتێبهكانیشی ده‌سوتێنێت وبهبڕیارێك په‌یمانی هاوسه‌رێتی ئه‌بوزه‌ید وئیبتیهال یونسی هاوسه‌ری هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ژێر ناوی پاراستن وشهرعیهتدان به‌حوكمی ئاینی به‌جێ ده‌گه‌یه‌نرێت، به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و حوكمه گومان له نۆستالۆژیی بوونی خۆی ناكات، به‌ڵكو به‌رێگایه‌كی ڕاستی ده‌زانێت وبهرامبهرهكانی به گوناهبار سه‌یر ده‌كات، له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر تاكه گوناهو هه‌ڵه‌یه‌كیش هه‌بێت ته‌نها تهئویلكردنه، ته‌ئویلێك بۆ كرانه‌وه‌ی ده‌ق تاوه‌كو ده‌ق نه‌مرێت ولهڕهههندیی مێژوویی ده‌ربكرێت وله‌ناو ڕه‌هه‌ندی ئاگاییه‌كی ههنووكهییانهوه وه‌ك ڕووبه‌رێكی زمانه‌وانی بخوێنرێته‌وه، به‌ڵام مل نه‌دان به ته‌ئویل له ڕاستیدا ترسه له دۆڕاندنی ئه‌و یۆتۆپیا سیاسیه‌ی له‌پشت ڕه‌هه‌ندی مێژووییه‌وه خه‌ریكی ئه‌رشیفكردنی مێژووه، بۆ ئه‌و كاره‌ش پێویستیان به‌موعجیزه ئاینیه‌كانی نێو مێژووه له‌پاڵ كۆمهڵیِك فانتازی سیاسی هه‌یه، كه‌دواجار ئه‌و فانتازیا سیاسیه ده‌بێته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌ی ده‌قدا. پهراوێزوسهرچاوهكان (1) اشكالیات القراءة والیات التأویل/نصر حامد ابو زید، المركز الثقافی العربی (بیروت) الطبعه الخامسه، 1999/ص6 (2) دوائر الخوف/نصر حامد ابو زید، المركز الثقافی العربی (بیروت) الطبعه الخامسه، 1999/ص203 (3) التأویل وتفسیر النص/ عبدالامیر كاظم، دراسات فلسفیه العدد الاول، 2002/ص104 (4) اشكالیات القراءة والیات التأویل/ نصر حامد ابو زید، المركز الثقافی العربی (بیروت) الطبعة الخامسه، 1999/ص53 (5) ئه‌نترۆپۆلۆژیای زمانه‌وانی/ نیهاد جامی، گۆڤاری نما ژماره (3)پایزی 2000/لا26 (6) دوائر الخوف/ نصر حامد ابو زید، المركز الثقافی العربی (بیروت) الطبعه الخامسه، 1999/ص203 (7) هه‌مان سه‌رچاوه/لا68 (8) هه‌مان سه‌رچاوه/لا116 (9) الخطاب والتأویل/ نصر حامد ابو زید، المركز الثقافی العربی (بیروت)الطبعه الخامسه، 2000/ص15
له‌سه‌ر هێڵ نییه





ده ست خوش زور به سودة
له‌سه‌ر هێڵ نییه