.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه






پهڕهكان: 1






گۆنا سەعید، ژنە چالاكوان لە رێكخراوی ژنانی كوردی پەنابەر لە بەریتانیا: ژنكوژی كەلتوورێكی كوردی باشورەو لەدوای راپەڕین دەستیپێكرد
گۆنا سەعید، لەسەر شەرمنی ژنانی چالاكوانی كورد لەرێكخراوە مەدەنییەكان و نارۆشنی قسەكانیان لەبارەی شەرەفەوە، ئازادی و بەرپرسیارێتی ژن لەبەرامبەر جەستەی خۆیدا رەتكردنەوەی "هەموو داتا راست و دروستەكان لەبارەی ژنكوژی لەكوردستان"، لەلایەن دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم، هاوكات لەسەر پرسی یاسای خێزان و هەڵوێستی مەلاكانی كوردستان، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بەبارودۆخی ژن لەهەرێمدا، لەهاتنەوەی ئەمجارەی بۆ سلێمانی، وەڵامی پرسیارەكانی (سڤیل) دەداتەوە.
سڤیل: ژنە چالاكوانەكانی بواری مافەكانی ژنان لەكوردستان، زۆرجار كە شرۆڤەی كەلتووری ژنكوژی لەكوردستان دەكەن، دەیبەستنەوە بەكەلتووری ئیسلامی، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئەی بۆچی عەرەب و تورك و فارس بۆخۆیان لەسەر ناموسپەرستی ژن ناكوژن؟ ئەی بۆچی لەرۆژهەڵاتی كوردستان ژنكوژی نییە و لەباشوور هەیە، خۆ هەمووی كوردە؟ بۆچوونی ئێوە چییە؟
گۆنا سەعید: كەلتووری كوشتنی ژنان، تایبەت بەكوردستانی باشوورە و دیاردەكە مێژووێكی زۆر تایبەتی هەیە، مێژووەكەش شاراوە نییە و زۆر ناسراوە، بەڵام جورئەتێكی گەورەی دەوێت كە قسە لەسەر ئەو مێژووە بكەین. دیاردەكە ئیسلامی نییە، هەتا لەئەوروپاش وایە، رێژەی ئەو رەوەندانەی كە ژن دەكوژن لەسەر مەسەلەی شەرەف، كورد لەپێشی پێشەوەیانە. دیاردەكەش لەدوای راپەڕین و لەساڵی 1991 دەستیپێكرد، كاتێك كە هەردوو حزبی پارتی و یەكێتی دەستیانكرد بەپاكسازی، لەبەرامبەر ئەوەی كە ناویاننا پاكسازی كوشتنی ئەو ژنانەی كە هاوكاریان لەگەڵ رژێمی بەعس كردبوو، یاخود لەشفرۆش بووبوون، كاتێك كە هەڵمەتی كوشتنەكە دەستیپێكرد، هەموو رۆژێك زۆر بەشانازییەوە، باسی كوشتنی ژنێك دەكرا بەوەی كە ئەو ژنانە شەرەفی كوردیان لەناو بردووەو شكاندووە. ئیدی لەپاش ئەو هەڵمەتە، كوشتنی ژن لەسەر مەسەلەی شەرەف بوو بەدیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و ئەگەر بچیتەوە سەر ئامارەكان، دەبینی كە رێژەی كوشتنی ژنان لەساڵی 1991 بەدواوە چۆتە سەرەوە و ساڵانە بەرەو زیادبوون دەڕوات. بۆیە ئەگەر لەمن بپرسی كەلتووری كوێیە؟ من دەڵێم كەلتوورێكی ناسیۆنالیستیی كوردییە و لەدوای راپەڕین دەستیپێكرد و بوو بەدیاردە.
سڤیل: هەر لەسەر كوشتنی ژنان بەپاساوی ناموسپەرستی، پێتوانییە كە تائێستا ژنە چالاكوان و رێكخراوەكانی ئافرەتان بۆخۆشیان قسەكانیان نارۆشنە و بەشەرمەوە دەڕواننە دیاردەكە، لەلایەك دەڵێن ژن نابێت بكوژرێت و لەلاكەی دیكەش جەخت لەوە دەكەنەوە كە "ژن دەبێت رێزی پیاو بگرێت و خیانەتی لێنەكات"، دەكرێت پێمانبڵێن كە سنووری ئازادی ئافرەت لەكوێوە كۆتایی پێدێت؟
گۆنا سەعید: ئەو قسەیە زۆر دروستە، راستییەكەی من ناتوانم لەبەرامبەر هەڵوێستی رێكخراوەكانی ژنان، لەو بارەیەوە وەڵام بدەمەوە، چونكە ئەوان دەبێت خۆیان وەڵام بدەنەوە. بەڵام ئەگەر لەمن دەپرسی كە سنووری ئازادی ئافرەت تا كوێیە و ئافرەت دەبێت رێزی پیاوەكەی بگرێت؟ من پێموایە ئەوە مەسەلەیەكی زۆر قووڵە و جورئەتێكی گەورەی دەوێت. بۆچوونی منیش وایە كە ژن، هەر لەمنداڵییەوە تا گەورە دەبێت، وەكو مرۆڤێك حیسابی بۆ بكرێت، سەرەتاییترین مافی مرۆڤیش ئەوەیە كە ئەو كەسە خۆی خاوەنی لەشی خۆیەتی و هیچ كەسێك بۆی نییە نە بەشێك لەو لەشەی لێبكاتەوە، نەدەستدرێژی بكاتەسەر لەسەر ئەوەی كە چۆن دەجوڵێتەوە و ئەو لەشەی خۆی چی لێدەكا و چی لێناكات.. مەسەلەی رێزگرتنیش لەژیانی هاوسەرگیریی، من پێموایە رێزگرتن تێگەیشتنە لەژیاندا، بۆیە ژن و پیاو دەبێت وەكو یەك رێز لەیەكتری بگرن و حیساب بۆ ژیان و ئارەزوو و مافەكانی یەكتر دابنێن، بەڵام دەبینی كە ئەو كۆمەڵگایەی ئێمە ئەوەندە توندوتیژە، كە پیاو هەرچی دەكا لەژیانی رۆژانەی، هیچكات شەرەف بۆی نابێتە مەسەلە. لەناو كۆمەڵگاش دەبینی كە بەرپرسی یەكەمی هەڵگرتنی مەسەلەی شەرەف، ژنە. بۆیە ئەوەی كە ژن دەیكات و پێی دەگوترێت بێشەڕەفی، پیاو هەموو رۆژێك دەیكات، بەڵام پێی ناگوترێت بێشەڕەفی، چونكە ئەو خاوەنی جەستەی خۆیەتی، بەڵام ژن خاوەنی جەستەی خۆی نییە، وەكو مرۆڤێك.. بەبۆچوونی من كێشە سەرەكییەكە لێرەوەیە. بۆیە ئەگەر ژن و پیاو پێكەوە ئەو قەناعەتەیان هەبێت و ئازادبن، هاوكات دەسەڵات و یاسا و دابونەریتە دواكەوتووەكان و دین وازیان لێبێنن، مەسەلەی رێز و خۆشەویستی لەنێوانیان بمێنێتەوە، زۆر بەئاسانی كێشەكان چارەسەریان هەیە. بەڵام من پێموایە كە لەكۆمەڵگای ئێمە پیاویش ئازاد نییە و ئهو پێاوانهی به ناوی شهرهف دهکوژرین زوربهیان بێ دهسهلاتن له ناو حزب و دهسهلاتدا واته که پێاوێک دهکوژریت له سهر کێشهی شهرهف چ کهس و شوێنیک نییه پهنا بو ببات له لایهن کهسی ژنهکهوه دهکوژرێن، بەڵام ئەوەی كە ژن لەسەری دەكوژرێت و زوربهی جار پیاو هیچی لێنایەت، بەبۆچوونی من كێشەكە لێرەدایە.
سڤیل: بەبۆچوونی ئێوە، ئەگەر ژن مێردی هەبوو و خیانەتی كرد، لەوكاتەدا پیاو هەڵوێستی چیبێت؟
گۆنا سەعید: بچێتە چوارچێوەی هەر شتێكەوە، ئەوە لەناو كۆمەڵگاكە دیاری دەكرێت. كێشەكە لەوەدایە، كەسێك بۆچی بكوژرێت؟ با بەرۆشنی قسە بكەین، لەسەر كردارێكی سێكسی یاخود مومارەسەی ئازادییەكی خۆی بكات، لێرە قسەكە لەسەر كوشتنی مرۆڤەكەیە. من پرسیارەكەم ئەوەیە، كە ناعەدالەتی و نایەكسانی كێشەكە لەوەدایە كە پیاو هەموو رۆژێك دەیكات، هیچی لێناكرێت و هیچیشی پێناگوترێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ژن بەمرۆڤێكی سەربەخۆ نازانرێت و لەهەموو شتێكدا مامەڵەی پێوە دەكرێت و بەموڵكی پیاوەكەی دەزانرێت، جۆرێكی دیكە لەكێشەكە دەڕوانرێت. بۆیە كاتێك كە كێشەیەكی ئاوا روودەدات با سۆز و خۆشەویستی نێوان ئەو دووكەسە حاكم بێت، ئەگەر پیاوەكە سۆز و خۆشەویستی بۆ ژنەكە نەمێنێت، كە پێیوایە خیانەتی لێكردووە، زۆر بەئاسایی دەتوانێت لێی جیابێتەوە و جارێكی دیكە لەگەڵی نەژی، بەڵام لەئێستادا كێشەكە دەسەڵاتێك دەیبڕێنێتەوە كە بەپیاو دراوە، ئەو دەسەڵاتەش بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لێكراوەو چەپلەی بۆ لێدەدرێت. تۆ باس لە "خیانەتی زەوجی" دەكەیت كە لەكوردستان كەمترین كێشەی كوشتنە، لێرە كچانی منداڵ لەسەر نامەیەك دەكوژرێن، لەسەر شتی واسادە ژن دەكوژرێت كە بیرۆكەكەی دڵ دەتەزێنێت.
سڤیل: زۆرینەی ئەو راپۆرت و داتایانەی لەسەر رەوشی ژن لەهەرێمی كوردستان لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بڵاودەكرێنەوە، دواجار بەتوندی لەلایەن رێكخراو و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم رەتدەكرێنەوە، ئایا ئەو راپۆرتانە چەواشەكاری و زێدەڕۆییان تێدایە؟
گۆنا سەعید: من بەپێچەوانەی دەبینم. ئەو راپۆرتانەی كە بەتایبەت لەلایەن رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ، دەردەچێت، ئەمانە هیچ بەرژەوەندییەكیان لەوەدا نییە كە چەواشەكاری و درۆ دروستبكەن لەراپۆرتەكانیاندا. بەپێچەوانەوە ئەو رێكخراوانەی كوردستان كە راپۆرتەكان رەتدەكەنەوە، ئەوان بەرژەوەندی گەورەیان هەیە لەرەتكردنەوەی راپۆرتەكان، بەرژەوەندییەكەش ئەوەیە كە ئەو رێكخراوانە لەپاڵ دەسەڵات كاردەكەن، بۆیە ئەوان مەجبوورن كە نەهامەتی و كێشەكانی كە ژنان هەیانە لەو كۆمەڵگایە، دایپۆشن.
من خۆم لەكوردستان، تاساڵی 1998 لەرێكخراوی سەربەخۆی ئافرەتان كارم كردووە، ئەوكات تەنها دوو رێكخراوی گەورەی ژنان هەبوو كە یەكێكیان سەر بە پارتی و ئەوەی دیكەش سەر بە یەكێتی بوو، هەردوو ئەو رێكخراوە بەئێمەیان دەگوت ئێوە باس لەمەسەلەی ژنان مەكەن، چونكە ژن هیچ كێشەیەكی نییە و ئەو ژنانەی دەكوژرێن خۆیان بێشەڕەفن. بۆیە هەمان ئەو شێوازەیە كە ئێستا بەجۆرێكی دیكە بەكاری دەهێننەوە.
سڤیل: بەڵام جگە لەرێكخراوەكانی ئافرەتان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتانیش، كە دەزگایەكی حكومییە و سەربە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەوانیش داتا و راپۆرتەكانی ئەم دواییەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بەدروست نازانن؟
گۆنا سەعید: بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی، ئەویش دەزگایەكە و حەتمەن مەجبوورە بەپێی خواست و داواكاری دەسەڵات بجوڵێتەوە. بۆیە من پێموایە ئەوەی كە ئەوان پێی دەڵێن چەواشەكاری، راستییەكەی شاردنەوەی راستییەكانە.
سڤیل: لەسەر "یاسای خێزان" كە لەپەرلەمانی كوردستان كرایە بڕیار و دواتر هەڵوێستی توندی هێندێ مامۆستایی ئاینی لێكەوتەوە. ئێوە چۆن دەڕواننە یاساكە و هەڵوێستی مەلاكان؟
گۆنا سەعید: یاسای خێزان لەكۆمەڵگای كوردی كە ژنان كێشەیان زۆرە بەتایبەت توندوتیژی ناوخێزان، وای دەبینم كە یاساكە هەنگاوێكی باش و لەپێشە، بەڵام دەبێت بشگوترێت كە یاساكە كەموكوڕی زۆری هەیەو دوو پرسیاری گەورەی لەسەرە، یەكەم كێشەكانی ناوخێزان دواجار پێشئەوەی یچێتە دادگا، دەگەڕێتەوە بۆ لیژنەیەك كە هیچی كەمتر نییە لەسولحی عەشایەری، دووهەمیش، یاساكە توند نییە لەبەرامبەر سزاكان. لەوەش گرنگتر جێبەجێكردنی یاساكەیە، من زۆر خۆشبین نیم بەمە، چونكە بەپێی ئەزموونی هەرێم، هەموو یاساكانی لەوجۆرە لەكاتی جێبەجێكردن ئاستەنگیان دێتەپێش.
لەسەر كەمپینی مەلاكانیش لەدژی یاساكە، من یەك قسەم هەیە كە ئەوەندە بەسە كە ئەو مەلایانە هاتوون بەرگری لەوە دەكەن كە پیاو لەژن و منداڵ بدات.
سڤیل
لهسهر هێڵ نییه
پهڕهكان: 1
