
[imgr][/imgr]
"حه‌زناكه‌م كوردستان ببێته دوبه‌ی ولاس ڤێگه‌س"
رووداو -تۆرۆنتۆ
له باوكێكی كورد ودایكێكی رۆمانی، له كه‌نه‌دا له‌دایكبووه. بۆیه سوزان محه‌ممه‌د كه كچی نووسه‌ر د.ئه‌حمه‌د میراوده‌لییه خۆی به‌نه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه كولتوورێك ده‌زانێ، له‌مباره‌یه‌وه سوزان ده‌ڵێ " من كه‌نه‌دام زۆر خۆشده‌وێ چونكه لێره له‌دایكبووم وگه‌وره بووم، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا شانازی به ره‌گه كوردی ورۆمانییهكهی خۆشم ده‌كه‌م و ئه‌وانیشم خۆشده‌وێن".
سوزان میراودالی كه ده‌رچووی به‌شی رۆژنامه‌ڤانی زانستگه‌ی هالیفاكسی كه‌نه‌دایه، ئێستا له گۆڤاری به‌نێوبانگی ماكلینس Mac leans ی كه‌نه‌دایی كه له‌شاری تۆرۆنتۆ ده‌رده‌چێت كار ده‌كات. سوزان ده‌ڵێ تا ئێستا پاشناوی "محه‌ممه‌د" هیچ گرفتێكی بۆ دروست نه‌كردووه له میدیای كه‌نه‌دیدا، به پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێكجار یارمه‌تیده‌ریش بووه، بۆ نموونه له كاتی نووسینی بابه‌ت و راپۆرت له‌باره‌ی په‌نابه‌رانه‌وه پاشناوه‌كه‌ی یارمه‌تیداوه چونكه شتێكی خۆیان له‌ودا بیینوه و پتر هه‌ستیان به‌دڵنیایی كردووه له قسه‌كردندا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوزان ده‌ڵێ به‌نیازه پاشناوی محه‌ممه‌د بگۆڕێ بۆ "میراوده‌لی" كه پاشناوی راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی.
سوزان، خۆی خاوه‌ن ناوێكه كه له‌كوردستان و جیهان هه‌یه، به‌ڵام ناوی (په‌یمان) و (سه‌یران)ی خوشكی ته‌واو كوردین. باوكی سوزان له كوردستان پێشمه‌رگه‌ی شۆرشی ئه‌یلول بووه و، دوای تێكچوونی شۆرش چووه‌ته ده‌ره‌وه و بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌بواری كشتوكاڵ دا وه‌رگرتووه و پاشان له كه‌نه‌دا گیرساوه‌ته‌وه.
ساڵی رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار سوزان سه‌ردانی كوردستانی كرد، چووه گوندی باوكی (كانی سناره) كه ده‌كه‌وێته نزیك ناحیه‌ی ماوه‌تی پارێزگه‌ی سلێمانی، هه‌روه‌ها سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه و كۆمه‌ڵگه‌كانی پاشماوه‌كانی ئه‌نفالی كرد و له گه‌ڕانه‌وه‌شیدا چه‌ندین راپۆرت و وتاری له‌باره‌ی كوردستانه‌وه له رۆژنامه و گۆڤاره‌كانی كه‌نه‌داوه بڵاوكردنه‌وه. له‌لای سوزان كوردستان زۆر له‌وه جوانتربووه كه به‌ر له هاتنی له خهیاڵیدابووه" كوردستان له‌وه جوانتر بوو كه من پێشبینیم ده‌كرد، خه‌ڵكی كوردستان زۆر میواندۆست و گهرمو گوڕن ".
ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان له‌كاتێكدا سه‌رنجی ئه‌و رۆژنامه‌ڤانه كهنهداییهی راكێشاوه‌و پێیدڵخۆشه، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا هیوا ده‌خوازێت به مۆدێرنكردنی كوردرستان نه‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی تایبه‌تمه‌ندیییه كولتوورییه‌كانی كورد، چونكه ئه‌و تایبمهندییه كولتوورییه‌یه سه‌رنجی خه‌ڵكی بیانی و گه‌شتیاران راده‌كێشێت "هیوادارم كوردستان له پێشكه‌وتن وئاوهدانیدا بێت، به‌ڵام حه‌زناكه‌م كوردستان ببێته دوبه‌ی و لاس ڤێگه‌س چونكه پێم‌خۆش نییه كوردستان تایبمهندییهكانی له‌ده‌ست بدات".
سوزان زۆر سه‌رسام بووه به ژنانی كوردستان و به "به‌هێز"یان ده‌زانێت چونكه ئه‌ركێكی سه‌ختیان له‌سه‌رشانه‌و جیا له به‌خێوكردنی منداڵه‌كانیان ده‌بێ ئه‌ركه‌كانی ناوماڵیش بهجێبیگهیێنن"ئاواته خوازم له كوردستان یاسا‌و بڕیاری باش له قازانجی ژنان ده‌ربچن كه ماف وئازادییهكانیان له‌به‌رچاو بگرن، چونكه به‌ڕاستی زۆرم پێناخۆشه كچێك یا ژنێك ببینم كه نه‌توانێت به ئاره‌زووی خۆی جل له‌به‌ربكات، بچێته قوتابخانه، ئۆتۆمبێل لێبخورێت و به‌ئازادی بگه‌ڕێت".
له كاتێكدا زۆرجاران رهحنه له زۆری وبۆری راگه‌یاندنی كوردی ده‌گیرێت، به‌ڵام سوزان ئه‌وه به دیارده‌یه‌كی نێگه‌تیڤ نابینێت " ئه‌وه‌ی له نێوه‌ندی میدیایی كوردستاندا سه‌رنجی راكێشام ئه‌وه‌بوو كه زۆر خه‌ڵك ئاره‌زووی نووسینیان هه‌بوو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی چه‌ندین ساڵی سه‌ركوتكردنی سه‌رده‌می رژێمی سه‌دام حوسێن بووه‌و ئازادی راده‌ربڕینیان نه‌بووه و‌ئێستا هه‌موو خه‌ڵك ده‌یه‌وێ راوبۆچوونی خۆی بڵێ و وتار بنووسێ ئه‌مه كارێكی زۆر باشه، به‌ڵام پێویستی به جۆره رێكخستنێكیش هه‌یه، بۆنموونه ده‌بێ جیاوازی بكرێ له نێوان هه‌واڵ و كاری رۆژنامه‌وانی و بیروبۆچوون و راده‌ربڕین له رۆژنامه‌و بڵاوكراوه‌كاندا ".
له‌باره‌ی كه‌م ره‌نگدانه‌وه‌ی پرسی كورد له میدیای كهنهداییدا، سوزان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه میدیای كه‌نه‌دایی به‌گشتی كه‌م شت له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بڵاوده‌كاته‌وه، ته‌نها ئه‌فغانستان نه‌بێت ئه‌ویش به‌هۆی بوونی سه‌ربازانی كه‌نه‌دا له‌و وڵاته له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی ناتۆدا بۆیه " خه‌ڵكی كه‌نه‌دا به گشتی زانیارییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌باره‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست وكوردستان نییه، به‌ڕاستی جێی سه‌رسوڕمانه كاتێك به خه‌ڵك ده‌ڵێم من به ره‌سه‌ن خه‌ڵكی كوێم، نازانن كوردستان كوێیه، به‌ڵام ورده ورده خه‌ریكه كوردستانیش ده‌ناسرێت".
دواترین جار ده‌ستكاری كراوه له‌لایه‌ن peryzad (2008-10-27 09:29:34)